Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
با زەوی بهەژێت.
2 یەزدان مەزنە لە سییۆن،
بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
3 با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
ئەو پیرۆزە.
4 پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
5 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
ئەو پیرۆزە.
6 موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
ئەویش وەڵامی دانەوە،
7 بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
خودایەکی لێبوردە بوویت و
تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
9 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.
موسا تەماشای چادرەکەی پەرستن دەکات
32 ئیتر هەموو کاری چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە تەواو بوو، نەوەی ئیسرائیل بەو شێوەیەیان کرد کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. 33 ئینجا چادرەکەی پەرستنیان هێنایە لای موسا، چادرەکە و هەموو کەلوپەلەکانی و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ 34 پۆشەرەکەش کە لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ 35 سندوقی پەیمان و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت؛ 36 مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ 37 چرادانەکەش کە لە زێڕی بێگەرد بوو لەگەڵ چراکانی، چراکانی کە لەسەری بوون و هەموو قاپوقاچاغەکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ 38 قوربانگا زێڕینەکە و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش و پەردەی دەروازەی چادرەکە؛ 39 قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ 40 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە و گوریس و سنگەکانی و هەموو کەلوپەلی خزمەتی چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە؛ 41 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.
42 وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوا هەموو کارەکەیان کرد. 43 موسا تەماشای هەموو کارەکەی کرد و بینی وا وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی دا ئاوایان کردووە، ئیتر موسا داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
کوشتنی حەزرەتی یەحیا
14 لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای[a] جەلیل ناوبانگی عیسای بیست، 2 بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
3 هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو و پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، 4 چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» 5 هێرۆدسیش دەیویست بیکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
6 لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لەناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد، 7 ئەوە بوو بە سوێندەوە بەڵێنی پێیدا، چی حەزی لێ بێت بیداتێ. 8 کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.» 9 پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر سوێندەکان و میوانەکان، فەرمانی دا بیدەنێ. 10 ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و 11 سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی. 12 قوتابییەکانی هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هەواڵیان دایە عیسا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.