Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
97 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،
دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
2 هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
3 ئاگر لەپێشیەوە،
دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
4 بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
5 چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
لەبەردەم یەزدانی هەموو زەوی.
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.
7 ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.
8 سییۆن بیستی و شادمان بوو،
کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان.
9 چونکە ئەی یەزدان، لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی.
لەسەر هەموو خوداوەندەکان زۆر بەرزبوویتەوە.
10 دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری دەبێتەوە،
گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت،
لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
11 ڕووناکی بۆ ڕاستودروستان چێنراوە،
شادی بۆ دڵڕاستەکان.
12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
بە دیل گرتنی ئیسرائیل بەهۆی گوناهەوە
7 هەموو ئەمانە ڕوویدا، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل گوناهیان کردبوو بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاریان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە لەژێر دەستی فیرعەونی پاشای میسر دەریهێنان. بەڵام خودای دیکەیان[a] پەرست و 8 بەدوای بەجێهێنانی نەریتی ئەو گەلانە کەوتن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون، پەیڕەویان لە کار و کردەوەی پاشاکانی ئیسرائیل کرد. 9 نەوەی ئیسرائیل بە نهێنی چەند کارێکیان لە دژی یەزدانی پەروەردگاریان کرد کە ڕاست نەبوون. لە قوللەکانی چاودێرییەوە هەتا شارە قەڵابەندەکان لە هەموو شارۆچکەکان نزرگەی سەر بەرزاییان بنیاد نا. 10 لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوز بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان بۆ خۆیان دامەزراند. 11 لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد. 12 ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.» 13 یەزدانیش لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەران و ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودا ئیسرائیل و یەهودای ئاگادار کردەوە، فەرمووی: «لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە و فەرمان و فەرزەکانم بەجێبهێنن، بەگوێرەی تەواوی ئەو تەوراتەی کە باوباپیرانی ئێوەم پێی ڕاسپارد، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانمەوە بۆم ناردن.»
14 بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد. 15 فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.»
16 وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست. 17 کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد.
18 لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە، 19 هەروەها یەهوداش فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان بەجێنەگەیاند. نەریتەکانی ئیسرائیلیان پەیڕەو کرد کە دایانهێنابوو. 20 لەبەر ئەوە یەزدان هەموو وەچەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، زەلیلی کردن و ڕادەستی تاڵانکەرانی کردن، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆی دووری خستنەوە.
منم نانی ژیان
25 کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟»
26 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی پەرجووەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. 27 بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.»
28 لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟»
29 عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.»
30 ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟ 31 باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان[a] خوارد، وەک نووسراوە: [لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.][b]»
32 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، 33 چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.»
34 لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.»
35 عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.