Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
106 هەلیلویا!
ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟
کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
3 خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن،
ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.
4 ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە،
لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
5 بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم،
بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم،
بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.
6 ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد،
خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
19 لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد،
کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
20 شکۆیان[a] گۆڕییەوە
بە پەیکەری گای گیاخۆر.
21 خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد،
کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
22 پەرجووەکان لە وڵاتی حام،
کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
23 ئینجا فەرمووی لەناودەچن،
ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی،
لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە،
بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.
12 یەزدان بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لام بۆ کێوەکە و لەوێ بە، دوو تەختە بەردت دەدەمێ، فێکردنەکان و فەرمانەکانی تێدایە کە بۆ فێرکردنیان نووسیومە.»
13 ئینجا موسا و یەشوعی یاریدەدەری هەستان، موسا بۆ کێوی خودا سەرکەوت. 14 بە پیرانیشی گوت: «لێرە چاوەڕێمان بکەن هەتا دەگەڕێینەوە لاتان، ئەوەتا هارون و حووریش لەگەڵتانن، ئەگەر یەکێک داواکاری یاخود ناکۆکی هەبوو با بچێتە لایان.»
15 ئیتر موسا بەسەر کێوەکە کەوت و هەور کێوەکەی داپۆشی. 16 شکۆمەندی یەزدانیش لەسەر شاخی سینا نیشتەوە. بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەور کێوەکەی داپۆشی، لە ڕۆژی حەوتەم لەنێو هەورەوە موسای بانگکرد. 17 دیمەنی شکۆمەندی یەزدانیش وەک ئاگرێکی بێ ئامان بوو لەسەر کێو، لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل. 18 ئینجا موسا هاتە ناو هەورەکەوە و بۆ سەر کێوەکە سەرکەوت. موسا چل شەو و چل ڕۆژی پێچوو لە کێوەکە.
دەربارەی ڕۆژوو
18 کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
19 عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن. 20 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
21 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەبێت. 22 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.