Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 99

99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
    با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
    با زەوی بهەژێت.
یەزدان مەزنە لە سییۆن،
    بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
    ئەو پیرۆزە.

پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
    تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
    ئەو پیرۆزە.

موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
    ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
    ئەویش وەڵامی دانەوە،
بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
    یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
    خودایەکی لێبوردە بوویت و
    تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
    چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.

دەرچوون 31:1-11

بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب

31 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، ئەوا من بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوورم لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، لە ڕۆحی خوداشەوە پڕم کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک. بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو پیشەیەک. من ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە، لەگەڵ ئەوم داناوە. توانام داوە بە هەموو پیاوێکی پیشەوەر تاکو هەموو ئەو کارانە بکەن کە فەرمانم پێکردیت: چادری چاوپێکەوتن، سندوقی پەیمان، قەپاغەکەی کەفارەت کە لەسەریەتی، هەموو کەلوپەلەکانی چادرەکە کە پێکهاتووە لە مێزەکە، قاپوقاچاغەکانی، چرادانەکە کە لە زێڕی بێگەردە و هەموو قاپوقاچاغەکانی، قوربانگاکەی بخوور، قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی، حەوزەکە و ژێرەکەی، 10 هەروەها جلوبەرگە چنراوەکان، جلوبەرگە پیرۆزەکان بۆ هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ ئەنجامدانی کاهینیێتی، 11 زەیتەکەی دەستنیشانکردن، بخووری بۆنخۆش بۆ شوێنی پیرۆز. هەروەک هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، دەیکەن.»

یەکەم پەترۆس 5:1-5

شوانی مێگەلی خودا

داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، وەک پیرێکی هاوڕێ، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ: ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەت بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە بەگوێرەی خودا، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە، خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل. کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.

ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان خۆتان بە بچووکی یەکتر بزانن، چونکە:

[خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
    بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.][a]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.