Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
97 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،
دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
2 هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
3 ئاگر لەپێشیەوە،
دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
4 بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
5 چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
لەبەردەم یەزدانی هەموو زەوی.
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.
7 ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.
8 سییۆن بیستی و شادمان بوو،
کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان.
9 چونکە ئەی یەزدان، لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی.
لەسەر هەموو خوداوەندەکان زۆر بەرزبوویتەوە.
10 دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری دەبێتەوە،
گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت،
لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
11 ڕووناکی بۆ ڕاستودروستان چێنراوە،
شادی بۆ دڵڕاستەکان.
12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
15 موسا ڕووی وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتە خوارەوە، دوو تەختەکەی پەیمانیشی لە دەست بوو، ئەو تەختانەی لە هەردوو ڕووەکەی نووسرابوون، لەم لاو لەو لاوە نووسرابوون. 16 تەختەکان دەستکردی خودان و نووسینەکەش نووسینی خودایە لەسەر تەختەکان نەخشێنراوە.
17 کاتێک یەشوع گوێی لە دەنگی گەل بوو کە هاواریان دەکرد، بە موسای گوت: «دەنگی جەنگە لە ئۆردوگاکە!»
18 ئەویش گوتی:
«نە دەنگی هاواری سەرکەوتنە،
نە دەنگی هاواری دۆڕاندنە،
بەڵکو دەنگی گۆرانییە، ئەوەی گوێم لێیە.»
19 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکە و سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و هەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێدا و لە خوار کێوەکە شکاندنی. 20 هەروەها ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هەتا بووە تۆز، بەسەر ئاوەکەدا بەبای کرد و ئاوەکەی بە نەوەی ئیسرائیل خواردەوە.
21 موسا بە هارونی گوت: «ئەم گەلە چییان لێکردوویت هەتا ئەو گوناهە گەورەیەیان بەسەربهێنیت؟»
22 هارونیش گوتی: «با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێت، خۆت دەزانیت چۆن دڵی ئەم گەلە مەیلی خراپەکاری هەیە. 23 پێیان گوتم: ”چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، نازانین چی لێهات.“ 24 منیش پێم گوتن: ”کێ زێڕی پێوەیە با لێی بکاتەوە و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایە ناو ئاگر و ئەم گوێرەکەیەی لێ دەرچوو!»
25 موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە هارون بەڕەڵای کردبوون هەتا ببنە گاڵتەجاڕ لەنێو بەرهەڵستکارانیان. 26 ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستا و گوتی: «کێ بۆ یەزدانە با بێتە لام.» ئیتر هەموو نەوەی لێڤی لێی کۆبوونەوە.
27 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”با هەریەکە شمشێرەکەی لە لاڕانییەوە ببەستێت، دەروازە بە دەروازە بە ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و بگەڕێنەوە، با هەریەکە بکوژێت، جا برای بێت یان هاوڕێ یان دراوسێ.“» 28 نەوەی لێڤیش بەم جۆرەیان کرد، هەروەک موسا گوتی، ئەو ڕۆژە نزیکەی سێ هەزار پیاو لە گەل کەوتن. 29 موسا گوتی: «ئەمڕۆ ئێوە تەرخان کراون بۆ یەزدان، لەبەر ئەوەی ئێوە لە دژی کوڕ و براکانتان بوون، ئیتر ئەمڕۆ بەرەکەتداری کردن.»
30 ئەوە بوو بۆ بەیانی موسا بە گەلی گوت: «ئێوە گوناهێکی گەورەتان کردووە، بەڵام ئێستا سەردەکەوم بۆ لای یەزدان، بەڵکو کەفارەتی گوناهەکەتان بکەم.»
31 ئیتر موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «ئای کە ئەم گەلە گوناهێکی گەورەی کرد و خوداوەندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستکرد، 32 بەڵام ئێستا لە گوناهیان خۆشبە، ئەگەر نا، لە پەڕتووکەکەی خۆت بمسڕەوە کە نووسیوتە.»
33 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەوەی گوناهی سەبارەت بە من کردبێت لە پەڕتووکی خۆم دەیسڕمەوە. 34 ئێستاش بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم گوتیت، فریشتەکەم وا لەپێشت دەڕوات، بەڵام کاتێک ڕۆژی سزادان هات، لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدەم.»
35 ئیتر یەزدان گەلی تووشی دەرد کرد لەسەر ئەوەی لەگەڵ گوێرەکەکە کردیان کە هارون دروستی کردبوو.
خۆتان بنیاد بنێن
17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی گەورەمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە. 18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.» 19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، سروشتی مرۆڤانەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.
20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن، 21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن، چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 22 بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. 23 هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.
ستایشی خودا
24 بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ گلەیی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت، 25 بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.