Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
دە ڕاسپاردەکە
20 خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
2 «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
3 «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
4 «پەیکەر[a] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە.
12 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
13 «مەکوژن[a].
14 «داوێنپیسی مەکەن.
15 «دزی مەکەن.
16 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
17 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
18 کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. 19 بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»
20 موساش بە گەلی گوت: «مەترسن، چونکە خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
دەنگیان نابیسترێت،
4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
7 فێرکردنی یەزدان تەواوە،
دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
ساویلکە دەکەنە دانا.
8 ڕێنمایی یەزدان دروستە،
دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
چاو ڕۆشن دەکات.
9 لەخواترسی بێگەردە،
هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
بە تەواوی ڕاستودروستە.
10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].
4 هەرچەندە منیش هۆکارم هەیە پشت بە جەستە ببەستم.
ئەگەر یەکێک وابزانێت هۆی هەیە پشت بە جەستە ببەستێت، من لەپێشترم: 5 کۆرپەی هەشت ڕۆژ بووم کە خەتەنە کراوم، لە ڕەگەزی ئیسرائیل، تیرەی بنیامین، عیبرانی کوڕی عیبرانی. بەگوێرەی تەورات فەریسی بووم، 6 بەگوێرەی دڵگەرمی چەوسێنەری کڵێسا بووم، بەگوێرەی ئەم ڕاستودروستییە کە بەپێی شەریعەتە، بێ گلەیی بووم.
7 بەڵام ئەوەی بۆ من قازانج بوو، لە پێناوی مەسیحدا ئەمانە بە زیان دەزانم. 8 لەمەش زیاتر هەموو شتێک بە زیان دەزانم لەبەر بەرزی بەهای ناسینی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ. لە پێناوی ئەودا هەموو شتێکم لە دەست دا و هەموو ئەو شتانەم بە زبڵ دانا، بۆ ئەوەی مەسیح بەدەستبهێنم و 9 وەک کەسێک کە لەگەڵ مەسیحدا بووبێتە هەژمارد بکرێم، نەک بە ڕاستودروستی خۆم کە لە شەریعەتەوەیە، بەڵکو لە ڕێگەی باوەڕەوە بە مەسیح، ئەو ڕاستودروستییەی کە لە خوداوەیە و پشت بە باوەڕ دەبەستێت. 10 ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی، 11 تاوەکو بگەمە هەستانەوەی نێو مردووان.
کۆشش کردن بەدوای ئامانج
12 من ناڵێم پێشوەخت هەموو ئەمەم بەدەستهێناوە یان گەیشتوومەتە ئامانج، بەڵکو کۆشش دەکەم ئەوە بەدەستبهێنم کە عیسای مەسیح لە پێناویدا منی بەدەستهێنا. 13 خوشکان، برایان، من وا دانانێم کە بەدەستم هێناوە، بەڵام شتێک دەکەم: ڕابردوو لەبیر دەکەم و بەرەو داهاتوو بەوپەڕی کۆششەوە هەنگاو دەنێم، 14 بەرەو ئامانج تێدەکۆشم تاکو ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنم کە خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بانگهێشتی کردووم بۆ ئاسمان.
نموونەی ڕەزەوانەکان
33 گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: «گەورەی ماڵێک هەبوو ڕەزێکی چاند، دەوروبەرەکەی پەرژین کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. 34 کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.
35 «ڕەزەوانەکان کۆیلەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و یەکێکیشیان بەردباران کرد. 36 دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، هەمان شتیان لەوانیش کرد. 37 لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
38 «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ 39 ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.
40 «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»
41 وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»
42 عیسا پێی فەرموون: «قەت لە نووسراوە پیرۆزەکان[a] نەتانخوێندووەتەوە:
«[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[b]،
ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە][c]؟
43 «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات. 44 ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»
45 کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات. 46 لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.