Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.
63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.
2 لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
3 لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
لێوەکانم ستایشت دەکەن.
4 بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
5 گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.
6 لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
7 چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
8 گیانم بە تۆوە بەندە،
دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.
قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا
12 مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی[a] خواستبوو. 2 جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.
3 موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.
4 جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. 5 یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. 6 جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن:
«کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،
ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،
لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
7 بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،
بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
8 ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،
بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،
شێوەی یەزدان دەبینێت.
ئیتر بۆچی نەترسان
کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»
9 جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.
21 ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:
«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،
هەرگیز نادۆزرێتەوە.
22 ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا
تێیدا نابیسترێت.
هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،
دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.
23 هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،
ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.
بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و
هەموو نەتەوەکان بە جادووگەری تۆ گومڕابوون.
24 تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و
هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.