Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:49-56

ז (زاین)

49 پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
    چونکە هیوات پێم داوە.
50 لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
    بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
51 لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
    بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
52 ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
    دڵنەواییم هاتەوە.
53 لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
    ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
54 فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
    لە ماڵی ئاوارەییم.
55 ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
    گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
56 ئەم نەریتە بۆ من بوو:
    ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.

دواوتار 6:10-25

10 کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ، بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە، 11 ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە، بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە، مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە، کە کاتێک خواردتان تێر بوون، 12 جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.

13 لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن. 14 بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن، 15 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارە لەنێوتان، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات. 16 یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە. 17 بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون. 18 ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد، 19 کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت، وەک یەزدان فەرمووی.

20 ئەگەر لە داهاتوودا منداڵەکانتان لێیان پرسین، گوتیان، «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟» 21 بە منداڵەکانتان دەڵێن: «لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و 22 یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و 23 لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو. 24 جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ، 25 ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین، هەروەک فەرمانی پێ کردین.»

یۆحەنا 11:45-57

پلانێک بۆ کوشتنی عیسا

45 لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا. 46 بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن. 47 لەبەر ئەوە کاهینانی باڵا و فەریسییەکان سەنهەدرینیان[a] کۆکردەوە.

گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. 48 ئەگەر بەم شێوەیە لێیگەڕێین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن، پەرستگاکەمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان ڕاپێچ دەکەن.»

49 یەکێک لەوان، بە ناوی قەیافا، ئەو ساڵە سەرۆک کاهین بوو، پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن، 50 تێناگەن، باشترە بۆتان کە پیاوێک لە جیاتی گەل[b] بمرێت، لەوەی کە گەل هەمووی لەناوبچێت.»

51 ئەو لە خۆیەوە ئەمەی نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆک کاهین بوو، پێشبینیی کرد کە عیسا خەریکە لە جیاتی گەل دەمرێت، 52 نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆبکاتەوە و یەکیانبخاتەوە. 53 ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت.

54 لەبەر ئەوە چیتر عیسا بە ئاشکرا بەناو خەڵکی یەهودیادا نەدەگەڕا، بەڵکو لەوێوە چووە ناوچەکانی نزیک چۆڵەوانی، بۆ شارێک ناوی ئەفرایم بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە.

55 لەو کاتەدا جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بوو، زۆر کەس لە گوندەکانەوە پێش جەژن بۆ ئۆرشەلیم هاتبوون تاکو خۆیان پاک بکەنەوە[c]. 56 جا داوای عیسایان دەکرد، لە حەوشەکانی پەرستگا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژن نایەت؟» 57 کاهینانی باڵا و فەریسییەکانیش فەرمانیان دەرکردبوو ئەگەر یەکێک بزانێت ئەو لەکوێیە، دەبێت ئاشکرای بکات، تاکو بیگرن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.