Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.
83 ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
2 ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
3 ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
4 دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
13 ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14 وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15 ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16 ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە،
تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم،
ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!
10 موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم، نە لە ڕابردوو و نە لەو کاتەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکەت دوایت. بەڵکو من دەم گران و زمان گرانم.»
11 یەزدانیش پێی فەرموو: «کێ دەمی بۆ مرۆڤ دروستکردووە، یان کێ لاڵ یان کەڕ، بینا یان نابینای دروستکردووە، ئایا منی یەزدان نیم؟ 12 ئێستا بڕۆ، منیش لەگەڵ زمانت دەبم و ئەوەت فێر دەکەم کە پێی دەدوێیت.»
13 بەڵام ئەو گوتی: «ئەی پەروەردگار ببورە، کەسێکی دیکە بنێرە.»
14 تووڕەیی یەزدان بەسەر موسادا جۆشا و فەرمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییە، دەزانم ئەو قسەزانە، هەروەها ئەو ئێستا وا لە ڕێگایە بۆ پێشوازیت، کاتێک دەتبینێت دڵخۆش دەبێت. 15 لەگەڵی دەدوێیت و وتەکانم دەخەیتە سەر زمانی، منیش لەگەڵ زمانی تۆ و زمانی ئەو دەبم و فێرتان دەکەم چی بکەن. 16 ئەو لە جیاتی تۆ لەگەڵ گەل دەدوێت، ئەو بۆ تۆ وەک دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەک خودا. 17 ئەم گۆچانەش کە نیشانەکانی پێدەکەیت، لە دەستت دەیگریت.»
گەڕانەوە موسا بۆ میسر
18 ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.»
یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.»
19 یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.» 20 ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت.
21 یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر، سەرنج بدە هەموو پەرجووەکان[a] کە لە دەستی تۆم داناوە و لەبەردەم فیرعەون ئەنجامیان بدە، بەڵام من دڵی ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەکە بڕۆن. 22 بە فیرعەون دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە، 23 پێم فەرمووی، ’بهێڵە کوڕەکەم بچێت بۆ ئەوەی بمپەرستێت.‘ بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت بهێڵیت بڕوات، من وا کوڕەکەت، نۆبەرەکەت دەکوژم.“»
24 ئەوە بوو لە ڕێگا، لەو شوێنەی بۆ شەومانەوە لێی وەستان، یەزدان تووشی هات[b] و ویستی بیکوژێت. 25 بەڵام چیپۆرە بەردەئەستێیەکی هەڵگرت و کوڕەکەی خەتەنە کرد و پارچە گۆشتەکەی لە پێیەکانی[c] دا، گوتی: «چونکە تۆ زاوای خوێنی بۆ من.» 26 ئیتر یەزدان وازی لێ هێنا، لەو کاتەش چیپۆرە گوتی، «زاوای خوێن،» لەبەر خەتەنەکردنەکە.
27 یەزدان بە هارونی فەرموو: «بڕۆ چۆڵەوانی بۆ پێشوازی موسا.» ئەویش چوو و لە کێوی خودا تووشی بوو و ماچی کرد. 28 ئیتر موسا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی بە هارون ڕاگەیاند کە موسای ناردبوو بۆی، هەروەها هەموو ئەو نیشانانەی فەرمانی پێدابوو.
29 موسا و هارون چوون و هەموو پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان کۆکردەوە. 30 هارون هەموو فەرمایشتەکانی یەزدان کە بە موسای فەرمووبوو پێی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی گەل نیشانەکانی کرد. 31 ئیتر گەل باوەڕیان هێنا، کاتێک گوێیان لێبوو یەزدان نەوەی ئیسرائیلی بەسەرکردووەتەوە و تەماشای زەلیلییەکەیانی کردووە، دانەوینەوە و کڕنۆشیان برد.
نامەیەک بۆ کڵێسای ساردس
3 هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی ساردس بنووسە:
ئەوەی حەوت ڕۆحی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێ: «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام مردوویت. 2 ئێشک بگرە! ئەوەی ماوە بەهێزی بکە، ئەوەی خەریکە بمرێت، چونکە لەبەردەم خودام کارەکانتم بە ناتەواوی بینی. 3 ئیتر ئەو شتەی کە فێری بوویت و بیستت بەبیر خۆتی بهێنەرەوە و بە باشی پێیەوە پابەند بە و تۆبە بکە. بەڵام ئەگەر ئێشک نەگریت ئەوا وەک دزێک دێم و نازانی لە چ کاتێکدا بۆت دێم.
4 «کەچی خەڵکێکی کەمت لە ساردسدا هەیە بەرگەکانیان گڵاو نەکردووە، بە بەرگی سپییەوە لەگەڵ من ڕێ دەکەن، چونکە شایانی ئەوەن. 5 ئەوەی سەربکەوێت ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم. 6 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.