Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.
77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
2 لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.
3 بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،
ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.[a]
4 پێڵووی چاوەکانمت گرت،
شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
5 بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،
ساڵانی ڕابردوو.
6 شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،
ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:
7 «ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەت دەکەیتەوە؟
چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
8 ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟
ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
9 ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟
یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»
10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:
دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.
13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
نەوەی یاقوب و یوسف.
16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
شوێن پێیەکانت نەزانران.
20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.
پەڕینەوە لە ڕووباری ئوردون
3 بەیانی زوو یەشوع لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل لە شەتیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە لای ڕووباری ئوردون، بەر لەوەی بپەڕنەوە لەوێ مانەوە. 2 پاش سێ ڕۆژ کوێخاکان بەناو ئۆردوگاکەدا گەڕان و 3 فەرمانیان بە گەل کرد و گوتیان: «کاتێک کە سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دەبینن، کاهینە لێڤییەکان هەڵیانگرتووە، لە شوێنەکانی خۆتان کۆچ بکەن و لەدوایەوە بڕۆن. 4 بەڵام با ماوەی نێوان ئێوە و سندوقەکە بە پێوانە دوو هەزار باڵ[a] بێت و لێی نزیک مەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە بزانن کە پێیدا دەڕۆن، چونکە ئێوە پێشتر بەم ڕێگایەدا نەڕۆیشتوون.»
5 یەشوع بە گەلی گوت: «خۆتان تەرخان بکەن، چونکە یەزدان بەیانی لەنێوتاندا کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.»
6 هەروەها یەشوع بە کاهینەکانی گوت: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و بە بەردەم گەلدا تێپەڕ بن.» ئەوانیش سندوقی پەیمانیان هەڵگرت و لەپێش گەل ڕۆیشتن.
7 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «لەم ڕۆژەوە لەبەرچاوی هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستپێدەکەم پایەبەرزت بکەم، بۆ ئەوەی بزانن چۆن لەگەڵ موسادا بووم ئاواش لەگەڵ تۆدا دەبم. 8 بەڵام تۆ فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک دەگەنە کەنار ئاوی ڕووباری ئوردون، لەناو ڕووباری ئوردوندا بوەستن.“»
9 هەروەها یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە و گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگارتان بگرن.» 10 ئینجا یەشوع گوتی: «بەمە دەزانن کە خودای زیندوو لەنێوتاندایە و کەنعانییەکان و حیتییەکان و حیڤییەکان و پریزییەکان و گرگاشییەکان و ئەمورییەکان و یەبوسییەکان لەبەردەمتاندا بە دەرکردن دەردەکات. 11 ئەوەتا سندوقی پەیمانی یەزدانی هەموو زەوی لەپێشتانەوە بۆ ناو ڕووباری ئوردون دەپەڕێتەوە. 12 ئێستاش دوازدە پیاو لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک. 13 ئینجا کاتێک پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی یەزدان، یەزدانی هەموو زەوی، لەناو ئاوی ڕووباری ئوردون جێگیر دەبێت، ئاوی ڕووباری ئوردون، ئەو ئاوەی کە لە سەرەوە دێت شەق دەبێت و لە یەک بەربەستدا پەنگدەخواتەوە.»[b]
14 جا کاتێک گەل لە چادرەکانیانەوە کۆچیان کرد، تاکو لە ڕووباری ئوردون بپەڕنەوە، کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانیش لەپێشیانەوە بوون. 15 بە درێژایی ڕۆژانی دروێنە ڕووباری ئوردونیش دەبووە لافاو، بەڵام لە کاتی هاتنی هەڵگرانی سندوقەکە بۆ ناو ڕووباری ئوردون و نوقومبوونی پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقەکە لەناو ئاوی کەنارەکە، 16 ئەو ئاوەی لە سەرەوە دەهاتە خوارەوە لە ڕۆیشتن وەستا. لە دوورییەکی زۆرەوە لە شارۆچکەی ئادام لە بەربەستێک پەنگی خواردەوە، ئەو شارۆچکەیەی کە لەتەنیشت چەرەتانە، هەروەها ئەو ئاوەی کە دەڕژایە ناو دەریای عەراڤا واتە دەریای مردوو[c] بە تەواوی بڕا و گەل بەرەو ئەریحا پەڕینەوە. 17 کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان لەسەر وشکانی لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردون بە جێگیری وەستان و هەموو ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا پەڕینەوە، هەتا هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە.
23 بە باوەڕ کاتێک موسا[a] لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان.
24 بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت. 25 بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت. 26 موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە. 27 بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت وەک ئەوە ببینێ کە نەبینراوە. 28 بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە[b] دەستیان لێ بدات.
29 بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.