Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
2 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانیدا بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا و هارون کرد. 3 نەوەی ئیسرائیل پێیان گوتن: «خۆزگە بە دەستی یەزدان لە خاکی میسردا بمردبووینایە، بۆ خۆمان لای مەنجەڵی گۆشت دانیشتبووین و بە تێری نانمان دەخوارد، بەڵام ئێمەتان دەرهێنا بۆ ئەم چۆڵەوانییە هەتا هەموو ئەم کۆمەڵە بە برسیێتی بکوژن.»
4 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە ئاسمانەوە نانتان بۆ دەبارێنم، گەلیش دەبێت بچنە دەرەوە و هەر ڕۆژە و پێویستی ئەو ڕۆژە هەڵیبگرنەوە. بەم شێوەیە تاقییان دەکەمەوە ئاخۆ بەگوێرەی فێرکردنەکەم دەڕۆن یان نا. 5 ئەوە دەبێت لە ڕۆژی شەشەم ئەوەی دەیهێنن ئامادەی بکەن، ئیتر دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ڕۆژانە هەڵیدەگرنەوە.»
6 جا موسا و هارون بە هەموو نەوەی ئیسرائیلیان گوت: «ئێوارە دەزانن کە یەزدان ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا. 7 بەیانیش شکۆی یەزدان دەبینن لە گوێگرتنی لە بۆڵەبۆڵتان لە دژی یەزدان، بەڵام ئێمە چین تاکو لە دژمان بۆڵەبۆڵ بکەن؟» 8 موسا گوتی: «ئێوە بەوە دەزانن کە یەزدانە کاتێک ئێواران گۆشتتان دەداتێ و بەیانیان نانتان دەداتێ بیخۆن، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو لە دژی. بەڵام ئێمە کێین؟ بۆڵەبۆڵتان لە دژی ئێمە نییە، بەڵکو لە دژی یەزدانە.»
9 موسا بە هارونی گوت: «بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”نزیک ببنەوە بۆ بەردەم یەزدان، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو.“»
10 ئەوە بوو لەو کاتەی هارون لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل دەدوا، ئاوڕیان دایەوە بەرەو چۆڵەوانی و بینییان شکۆمەندی یەزدان لەناو هەور دەبینرێت.
11 یەزدانیش بە موسای فەرموو: 12 «گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو، لەگەڵیان بدوێ و بڵێ: ”ئێواران گۆشت دەخۆن و بەیانی تێر نان دەبن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
13 ئەوە بوو لە ئێوارە سوێسکە[a] بەرز بوونەوە و ئۆردوگاکەیان داپۆشی، بەیانیش شەونم لە دەوروبەری ئۆردوگا کەوتبوو. 14 کاتێک شەونمە کەوتووەکەش بەرزبووەوە، بینییان وا لەسەر ڕووی چۆڵەوانییەکە شتێکی وردی وەک توێکڵ، ورد وەک زوقم لەسەر زەوییەکەیە. 15 کاتێک نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بینی بە یەکتریان گوت: «ئەوە چییە؟» چونکە نەیاندەزانی چییە.
موساش پێی گوتن: «ئەوە ئەو نانەیە کە یەزدان بە ئێوەی داوە بۆ ئەوەی بیخۆن.
105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
2 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
3 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
4 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
5 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
6 ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
37 بە زێڕ و زیوەوە دەریکردن،
لەنێو هۆزەکانیان کەسی پەککەوتە نەبوو.
38 میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
39 هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
40 داوایان کرد، سوێسکەی[a] هێنا،
نانی ئاسمانی تێری کردن.
41 بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
42 چونکە بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
43 گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،
هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
44 خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،
بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
فێرکردنی جێبەجێ بکەن.
هەلیلویا.
21 چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. 22 بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! 23 لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەمەش زۆر باشترە، 24 بەڵام مانەوەم بە جەستە بۆ ئێوە پێویستترە. 25 لەمە دڵنیام، دەزانم لە ژیاندا دەمێنم و لەگەڵ هەمووتان بەردەوام دەبم، بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشیتان لە باوەڕ، 26 تاکو بەهۆی هاتنەوەی من بۆ لاتان شانازیتان بە عیسای مەسیح لە ڕێگەی منەوە زیاد بکات.
27 تەنها بە شێوەیەک بژین کە شایستەی پەیامی ئینجیلی مەسیح بێت، تاکو کاتێک بێم و بتانبینم یان لەلاتان نەبم و هەواڵتان ببیستم، کە لە یەک ڕۆحدا چەسپاون و بە یەک دڵ تێدەکۆشن لە پێناوی ئەو باوەڕەی کە لەسەر بناغەی پەیامی ئینجیلە، 28 لە هیچ شتێکی ڕکابەرەکانتان ناترسن. ئەمە بەڵگەیە بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ڕزگارییە بۆ ئێوە، ئەمەش لە خوداوەیە، 29 چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو، 30 لەبەر ئەوەی هەمان تێکۆشانتان هەیە، ئەوەی لە منتان بینیوە و ئێستا لە منی دەبیستن.
نموونەی کرێکارانی ناو ڕەز
20 «چونکە شانشینی ئاسمان لە گەورەی ماڵێک دەچێت، بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت. 2 لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد.
3 «نزیکی کاتژمێر نۆ[a] دووبارە چووە دەرەوە، لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون، 4 پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن، چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“ 5 ئەوانیش ڕۆیشتن.
«ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە. 6 نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت، کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، لێی پرسین: ”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“
7 «وەڵامیان دایەوە: ”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“ ئەویش پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆنە ڕەزەکەم!“
8 «کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت: ”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەی کۆتاییەوە دەستپێبکە تاکو یەکەم.“
9 «جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج[b] هاتن، هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 10 یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 11 کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ماڵ دەکرد و 12 دەیانگوت: ”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد. تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە گرانی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“
13 «وەڵامی یەکێکیانی دایەوە: ”برادەر، من غەدرم لێ نەکردوویت. ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟ 14 هی خۆت ببە و بڕۆ. من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ. 15 ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت هەڵنایەت چونکە من چاکم؟“
16 «بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.