Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 114

114 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،
    بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،
    ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.

دەریا بینی و هەڵات،
    ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
چیاکان وەک بەران بازیان دا،
    گردەکان وەک بەرخۆلە.

چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟
    ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن؟
    ئەی گردەکان، بۆ وەک بەرخۆلە باز دەدەن؟

ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،
    لەبەردەم خودای یاقوب،
ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،
    بەردەئەستێی کردە کانیاو.

دەرچوون 13:17-22

ڕۆیشتن بەناو دەریا

17 ئەوە بوو کە فیرعەون ڕێی دا گەلەکە بڕۆن، خودا ڕێنمایی نەکردن بۆ ڕێگای خاکی فەلەستییەکان[a]، لەگەڵ ئەوەی نزیکیش بوو، چونکە خودا فەرمووی: «نەوەک گەل پەشیمان ببنەوە کاتێک شەڕ ببینن و بگەڕێنەوە بۆ میسر.» 18 ئیتر خودا گەلی سووڕاندەوە بۆ ڕێگای چۆڵەوانی دەریای سوور. نەوەی ئیسرائیل بە ڕیز چەکداربوون بۆ جەنگ و لە خاکی میسرەوە سەرکەوتن.

19 موساش ئێسکەکانی یوسفی لەگەڵ خۆی برد، چونکە یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دابوو و گوتبووی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم لەگەڵ خۆتان ببەنەوە.»[b]

20 دوای ئەوەی لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد و لە ئێتام لایاندا لە قەراغی چۆڵەوانی. 21 یەزدانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشت، بە ڕۆژ لە ستوونێکی هەوردا لە ڕێگا ڕابەرایەتی دەکردن، بە شەویش لە ستوونێکی ئاگر هەتا ڕووناکییان بۆ ببێت، بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بڕۆن. 22 ستوونە هەورەکە بە ڕۆژ و ستوونە ئاگرەکە بە شەو لەبەردەم گەلدا لا نەدەچوون.

یەکەم یۆحەنا 3:11-16

11 چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.

خۆشەویستی یەکتری

12 وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست. 13 خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە. 14 دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. 15 هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.

16 بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.