Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
121 چاوم بەرەو چیاکان[a] هەڵدەبڕم،
یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
2 یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
3 لێ ناگەڕێت پێت بخزێت،
ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
4 بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت
خەواڵوو نابێت و نانوێت.
5 یەزدان پارێزگاری تۆیە،
یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستە ڕاستت،
6 نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات،
نە مانگ بە شەو.
7 یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت،
گیانت دەپارێزێت.
8 یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
29 ئەوە بوو لە نیوەی شەودا یەزدان لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش. 30 فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
دەرچوون
31 بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد. 32 مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»
33 میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد هەتا پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.» 34 گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا. 35 هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی موسا گوتی، داوای خشڵی زیو و خشڵی زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد. 36 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.
37 نەوەی ئیسرائیل لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت، نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو بێجگە لە ئافرەت و منداڵ. 38 هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوت لەگەڵ ئاژەڵێکی زۆریش، مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ. 39 ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە، چونکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەیانتوانی دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.
40 مانەوەی نەوەی ئیسرائیلیش کە لە میسردا نیشتەجێ بوون چوار سەد و سی ساڵ بوو. 41 ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە. 42 لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوە هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.
ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران
13 با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە. 2 ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن. 3 فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت، 4 چونکە خزمەتکاری خودایە تاکو چاکەت لەگەڵ بکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە، سزادەری تووڕەییە بۆ خراپەکاران. 5 بۆیە پێویستە ملکەچ بن، نەک تەنها لەبەر تووڕەیی[a]، بەڵکو لەبەر ویژدانیش. 6 هەر لەبەر ئەمەشە باج دەدەن، چونکە ئەوان خزمەتکاری خودان و بەردەوام لەسەر ئەم کارەن. 7 مافی هەمووان بدەن: باج بە خاوەن باج، سەرانە بە خاوەن سەرانە، ترس لە خاوەن ترس، ڕێز بە خاوەن ڕێز.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.