Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
149 هەلیلویا!
گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.
2 با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،
با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
3 با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،
بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
4 چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،
بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
5 با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،
با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.
6 با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،
شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
7 هەتا تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،
گەلان سزا بدەن،
8 هەتا پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،
کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
9 هەتا حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.
هەلیلویا.
کارەساتی نۆیەم: تاریکی
21 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ ئاسمان درێژ بکە با تاریکی باڵ بەسەر خاکی میسردا بکێشێت، کە چاو چاو نەبینێت.» 22 ئیتر موسا دەستی بۆ ئاسمان درێژکرد و تاریکاییەکی سەخت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باڵی بەسەر خاکی میسردا کێشا. 23 بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەس کەسی نەبینی و کەس لە شوێنی خۆی هەڵنەستا، بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل لە نشینگەکانیان ڕووناکییان هەبوو.
24 ئینجا فیرعەون بانگی موسای کرد و گوتی: «بڕۆن یەزدان بپەرستن، تەنها مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخەکانتان بمێنێت، هەروەها ژن و منداڵەکانیشتان با لەگەڵتان بڕۆن.»
25 بەڵام موساش گوتی: «پێویستە ڕێگامان پێبدەیت بۆ ئەوەی قوربانی و قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەین بۆ یەزدانی پەروەردگارمان. 26 بەڵکو مەڕوماڵاتیشمان لەگەڵمان دەڕۆن تەنها سمێکیش بەجێنامێنێت، چونکە لەوان هەڵدەگرین بۆ پەرستنی یەزدانی پەروەردگارمان، ئێمە نازانین بە چی یەزدان بپەرستین، هەتا نەگەینە ئەوێ.»
27 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بڕۆن. 28 فیرعەونیش پێی گوت: «لەلام بڕۆ، ئاگاداری خۆت بە نەیەیتەوە بەرچاوم، چونکە ئەو ڕۆژەی ڕووم ببینیت دەمریت.»
29 موساش وەڵامی دایەوە: «هەروەک گوتت! جارێکی دیکە ناتبینمەوە.»
15 هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: [چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!][a]
16 بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: [ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟][b] 17 کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە. 18 بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بەڵێ!
[پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.][c]
19 بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت:
[من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.][d]
20 بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت:
[دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان،
دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.][e]
21 بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت:
[بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.][f]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.