Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 77

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.

77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
    دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
    بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
    گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.[a]
پێڵووی چاوەکانمت گرت،
    شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،
    ساڵانی ڕابردوو.
شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:

«ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەت دەکەیتەوە؟
    چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟
    ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟
    یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»

10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:
    دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
    بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
    بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
    چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
    هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
    نەوەی یاقوب و یوسف.

16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
    کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
    بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
    هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
    هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
    بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
    زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
    ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
    شوێن پێیەکانت نەزانران.

20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
    وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.

نەحەمیا 9:9-15

«تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور[a]. 10 نیشانە و پەرجووت[b] لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت ئەوان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە. 11 دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەق کرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان. 12 بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.

13 «لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ. 14 ڕۆژی شەممەی خۆتت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ. 15 لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و پێت فەرموون: ”وەرنە ژوورەوە بۆ داگیرکردنی ئەم خاکە،“ ئەوەی سوێندت خوارد کە بیاندەیتێ.

ڕۆما 14:13-15:2

لێپرسراوین بەرامبەر بە یەکتری

13 لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم برا دانەنرێت. 14 بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، مەگەر یەکێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە لە لای ئەو گڵاوە. 15 ئەگەر بەهۆی خۆراکت خوشکت یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. جا بە خۆراکت ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناوی مردووە. 16 مەهێڵن خەڵکی بە خراپە باسی شتێک بکات کە بۆ ئێوە چاکە، 17 چونکە پاشایەتی خودا خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و خۆشییە لە ڕۆحی پیرۆزدا. 18 هەرکەسێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، جێگای ڕەزامەندی خودا دەبێت و خەڵکیش متمانەی پێ دەکەن.

19 کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات. 20 لە پێناوی خۆراک کاری خودا وێران مەکە. هەموو شتەکان پاکن، بەڵام بۆ مرۆڤ ئەگەر ببێتە کۆسپ خراپە بیخوات. 21 باشە گۆشت نەخۆیت و شەراب نەخۆیتەوە و شتێک نەکەیت ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشکەکەت یان براکەت.

22 ئەو باوەڕەی هەتە، با لەبەردەم خودا بۆ خۆت بێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەو شتەی کە پەسەندی دەکات. 23 بەڵام ئەوەی گومان بکات، ئەگەر بخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نییە. هەرشتێک لە باوەڕەوە نەبێت گوناهە.

مەسیح نموونەیە بۆ ئێمە

15 بەڵام ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی کەموکوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نەکەین. با هەر یەک لە ئێمە نزیکەکەی بۆ چاکە ڕازی بکات لە پێناوی بنیادنان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.