Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
2 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
3 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
4 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
5 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
6 ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
23 جا ئیسرائیل هاتە میسر،
یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
24 بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن،
لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
25 ئەوەی دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە،
هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
26 موسای بەندەی خۆی نارد و
هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
فێرکردنی جێبەجێ بکەن.
هەلیلویا.
23 ئەوە بوو لەو ماوە درێژە، پاشای میسر مرد. نەوەی ئیسرائیلیش ئاهیان هەڵکێشا لە دەست کۆیلایەتی و هاواریان کرد بۆ یارمەتی، گریانەکەیان بەهۆی کۆیلایەتییەوە بۆ خودا بەرزبووەوە. 24 خوداش گوێی لە ناڵەیان بوو، خودا پەیمانەکەی خۆی لەیاد بوو لەگەڵ ئیبراهیم[a] و ئیسحاق و یاقوب.
وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین
5 کەواتە لاسایی خودا بکەنەوە، وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، 2 لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
3 بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە، 4 نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن. 5 بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکییەک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆکی جۆرێک لە بتپەرستییە. 6 کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.