Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 133

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
    کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!

وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
    کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
    کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
وەک شەونمی حەرمۆن[a] کە دێتە خوارێ
    بەسەر کێوی سییۆن،
    چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.

پەیدابوون 41:14-36

14 فیرعەونیش بەدوای یوسفدا ناردی، ئیتر خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون.

15 فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. بەڵام دەربارەی تۆ بیستوومە کە خەون دەبیستیت هەتا لێکی بدەیتەوە.»

16 یوسف وەڵامی فیرعەونی دایەوە: «هی من نییە، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.»

17 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، 18 بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و ڕوخسار جوان هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. 19 لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار زۆر ناشیرین و لەڕولاواز بوون. لە هەموو خاکی میسر ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. 20 ئینجا مانگا لەڕ و ڕوخسار ناشیرنەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. 21 چوونە ناو ورگیانەوە، بەڵام پێیانەوە دیار نەبوو کە ئەوانە چوونەتە ورگیانەوە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بەئاگا هاتم.

22 «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. 23 لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. 24 گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەس نەبوو بۆم لێکبداتەوە.»

25 یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. 26 حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. 27 حەوت مانگا لەڕ و ناشیرنەکان بەدوایاندا هاتنە دەرەوە ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی.

28 «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت، ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی نیشان دا: 29 حەوت ساڵ دێت تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت. 30 بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت. 31 ئیتر بەو تێروتەسەلییەی لە خاکەکەدا بووە نازانرێت، لەبەر ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت، چونکە زۆر گران دەبێت. 32 سەبارەت بەوەش کە خەونەکە دوو جار بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیار دراوە، خوداش خێرایە لە ئەنجامدانی.

33 «ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا ببینێت و لەسەر خاکی میسر داینێت. 34 با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە. 35 ئیتر هەموو خواردنی ئەم ساڵە باشانەی کە دێت کۆدەکەنەوە، لەژێر دەستی فیرعەون گەنم لە ئەمبار بکەن، بۆ خواردن لە شارۆچکەکان دەپارێزرێت. 36 ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت، ئیتر خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.»

ئاشکراکردن 15:1-4

گۆرانی موسا

15 پاشان نیشانەیەکی دیکەم لە ئاسماندا بینی، گەورە و سەیر: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.

پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو. سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی، دەیانگوت:

«ئەی یەزدان، خودای هەرە بە توانا،
    کارەکانت گەورە و سەیرە!
ئەی پاشای نەتەوەکان،
    ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.
ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و
    ناوت شکۆدار ناکات؟
چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت.
هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن،
    چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.