Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 45:1-15

خۆدەرخستنی یوسف

45 ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند. بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.

یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟»

بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لەبەردەم یوسف تۆقین.

ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت. ئێستاش نە داخ هەڵبکێشن و نە لەسەر دڵیشتان گران بێت کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ مانەوەی ژیان بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد. ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە. بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.

«ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر. پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت وای گوت، خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە. 10 لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە. 11 لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“

12 «وا بە چاوی خۆتان دەبینن، هەروەها چاوی بنیامینی براشم، کە بەڕاستی دەمی منە قسەتان لەگەڵ دەکات. 13 هەموو مەزنی من لە میسر بە باوکم ڕابگەیەنن، لەگەڵ هەموو ئەوەی بینیوتانە، بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»

14 ئینجا خۆی بەسەر شانی بنیامین دادا و گریا، بنیامینیش لەسەر شانی گریا. 15 ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.

زەبوورەکان 133

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
    کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!

وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
    کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
    کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
وەک شەونمی حەرمۆن[a] کە دێتە خوارێ
    بەسەر کێوی سییۆن،
    چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.

ڕۆما 11:1-2

پاشماوەیەک بە نیعمەت هەڵبژێردراون

11 لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! چونکە منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین. خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە:

ڕۆما 11:29-32

29 چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە. 30 هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن، 31 ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون. 32 خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.

مەتا 15:10-20

ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات

10 عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن. 11 ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات.»

12 ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»

13 وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت. 14 وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن ڕابەرایەتی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕابەرایەتی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»

15 پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»

16 عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟ 17 نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک، دوایی فڕێدەدرێتە دەرەوە؟ 18 بەڵام ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، لە دڵەوە دێت، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات، 19 چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن. 20 ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام خواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»

مەتا 15:21-28

باوەڕی ژنێکی کەنعانی

21 عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا. 22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بە خراپی ڕۆحی پیسی تێدایە.»

23 بەڵام عیسا بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»

24 وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»

25 بەڵام ژنەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم یارمەتیم بدە!»

26 وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»

28 ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.