Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
28 ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم.
ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە،
چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت،
وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.
2 گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە،
کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم،
دەستەکانم بەرز دەکەمەوە
بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.
3 لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە،
ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن،
بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن،
بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.
4 بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە،
بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و
ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.
5 لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و
بە کارەکانی دەستی،
تێکیان دەشکێنێت و
جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.
6 ستایش بۆ یەزدان،
چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.
7 یەزدان هێز و قەڵغانی منە،
دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت،
دڵم شاد دەبێت و
بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.
8 یەزدان هێزی گەلەکەیەتی،
قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی [a]
9 گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە،
ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.
یوسف و ژنی پۆتیفەر
39 یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتیفەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە بەرەو میسر هێنابوویان.
2 یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، ئیتر پیاوێکی سەرکەوتوو بوو، لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا بوو. 3 گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات. 4 یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتیفەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم. 5 ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتیفەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر. 6 ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد.
یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. 7 دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە لەگەڵم بنوو.»
8 بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم سەرقاڵی هیچ شتێک نییە کە لە ماڵەکەی هەیە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە. 9 کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟» 10 هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ بە یوسفی دەگوتەوە، ئەویش بە قسەی نەکرد، بۆ ئەوەی لەگەڵی بنووێت و لەگەڵی بێت.
11 ئەوە بوو ڕۆژێکیان بۆ ئەنجامدانی کارەکەی هاتە ناو ماڵەکە، هیچ کەسێکی ماڵەکەش لە ماڵەوە نەبوو. 12 ژنەکە کەواکەی گرت و گوتی: «لەگەڵم بنوو!» بەڵام ئەو کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.
13 کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە، 14 بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم. 15 ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.»
16 کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە. 17 ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەو گێڕایەوە، پێی گوت: «خزمەتکارە عیبرانییەکەی تۆ بۆت هێناوین، بۆم هاتە ژوورەوە هەتا دەستبازیم لەگەڵ بکات. 18 بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»
19 کە گەورەکەی ئەو قسەیەی ژنەکەی خۆی بیست کە بۆی کرد و پێی گوت، «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا. 20 ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە.
21 بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد. 22 ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەر کارێک لەوێ هەبوو. 23 کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، هەر کارێکیشی دەکرد یەزدان سەری دەخست.
بەزەیی خودا
14 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا! 15 چونکە بە موسا دەفەرموێ:
16 کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە. 17 نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: [لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.][c] 18 کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت.
19 ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟» 20 ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ [ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»][d] 21 ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟
22 بەڵام چییە ئەگەر خودا کە دەیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی گرت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟ 23 چییە ئەگەر ئەمەی کرد تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟ 24 لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش. 25 وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ:
[ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و
ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،][e] هەروەها
26 [لەو شوێنەی پێیان گوترا: «ئێوە گەلی من نین،»
لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»][f]
27 ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات:
[ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت،
تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت،
28 چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.][g]
29 وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی:
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.