Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].
زەبوورێکی داود.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
2 بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
3 کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
4 مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
5 کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
6 دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
7 هەموو مەڕ و مانگاکان،
هەروەها ئاژەڵی کێوی،
8 باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
9 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
چەوساندنەوەی نەوەی ئیسرائیل
1 ئەمانە ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە لەگەڵ یاقوب چوونە میسر، هەریەک لەگەڵ خێزانەکەی: 2 ڕەئوبێن، شیمۆن، لێڤی و یەهودا، 3 یەساخار، زەبولون و بنیامین، 4 دان و نەفتالی، گاد و ئاشێر. 5 هەموو وەچەکانی یاقوب حەفتا[a] کەس بوون، بێجگە لە یوسف کە لە میسر بوو.
6 یوسف و هەموو براکانی و هەموو ئەو نەوەیە مردن، 7 بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردار بوون، زۆر زیاد بوون و زۆر و توانادارتر بوون، خاکەکە پڕ بوو لەوان.
حوکمی دادپەروەرانەی خودا
2 کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت. 2 بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن. 3 کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟ 4 یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟
5 بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆ دەکەیتەوە. 6 خودا [پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.][a] 7 ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. 8 بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن. 9 ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. 10 شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە، 11 چونکە خودا لایەنگری ناکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.