Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زۆرانبازی یاقوب لەگەڵ خودا
22 یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە. 23 هەڵیگرتن و لە جۆگەکە پەڕینەوە، لەگەڵ هەرچی کە هەیبوو. 24 ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش دەرکەوت، هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵی کرد. 25 کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو. 26 ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.»
بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.»
27 پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.»
28 ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل[a]، چونکە لەگەڵ خودا و پیاوان تێکۆشاویت و سەرکەوتوویت.»
29 یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.»
بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد.
30 ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل[b]، گوتی: «چونکە ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.»
31 کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی.
نوێژێکی داود.
17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
2 ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.
3 ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
4 سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
5 هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
پێم نەخلیسکاوە.
6 ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
7 جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.
ئایا بەڵێنەکانی خودا نایەنە دی؟
9 مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە، 2 کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە. 3 خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم، 4 ئیسرائیلییەکان، لەخۆگرتنەوە[a] و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و پەرستن[b] و بەڵێنەکان هی ئەوانە. 5 باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین.
تێربوونی پێنج هەزار کەس
13 کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن. 14 کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.
15 کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
16 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
17 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»
18 ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.» 19 فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە. 20 هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە. 21 نانخۆران نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.