Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 65:8-13

ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
    لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
    گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.

بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
    زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
    دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
    چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
    تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
    بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
    ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
    ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
    دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
    لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

پەیدابوون 46:2-47:12

خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.»

ئیتر یاقوب لە بیری شابەع هەستا، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. هەروەها لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو هەڵیانگرت و هاتنە میسر، یاقوب و هەموو نەوەکانی لەگەڵی. کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر.

ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، یاقوب و نەوەکانی:

ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب.

کوڕەکانی ڕەئوبێن:

حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.

10 کوڕەکانی شیمۆن:

یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو.

11 کوڕەکانی لێڤی:

گێرشۆن، قەهات و مەراری.

12 کوڕەکانی یەهودا:

ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن.

کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون:

حەسرۆن و حامول.

13 کوڕەکانی یەساخار:

تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.

14 کوڕەکانی زەبولون:

سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل.

15 ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.

16 کوڕەکانی گاد:

چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی.

17 کوڕەکانی ئاشێر:

یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە

لەگەڵ سەرەحی خوشکیان.

کوڕەکانی بەریعە:

حەڤەر و مەلکیێل.

18 ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون.

19 دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب:

یوسف و بنیامین. 20 لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن.

21 کوڕەکانی بنیامین:

بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد.

22 ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون.

23 کوڕەکەی دان:

حوشیم.

24 کوڕەکانی نەفتالی:

یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم.

25 ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون.

26 هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون. 27 بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا[a] کەس بوون.

28 یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن. 29 یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا.

30 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.»

31 ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم: ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام. 32 پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“ 33 ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی: ”کارتان چییە؟“ 34 دەڵێن: ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“ بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.»

47 یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.» لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕای گرتن.

فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟»

ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.» هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «بۆ ئاوارەبوون لەم خاکە هاتووین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.»

فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ. خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.»

ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد. فیرعەونیش بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟»

یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.» 10 ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

11 ئینجا یوسف باوکی و براکانی خۆی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد، لە باشترین زەوی لە خاکی میسر موڵکی پێدان، لە خاکی ڕەعمسێس، بەپێی فەرمانی فیرعەون. 12 هەروەها یوسف باوکی و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان بە نان بەخێو کرد.

مەرقۆس 4:30-34

نموونەی دەنکە خەردەل

30 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چ نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە؟ 31 شانشینی خودا وەک دەنکە خەردەلێکە[a]، کاتێک لەسەر زەوی تۆو دەکرێت، لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە. 32 کاتێک تۆو دەکرێت، گەشە دەکات و لە هەموو ڕووەکەکان گەورەتر دەبێت و لقی گەورە دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن.»

33 هەتا ئەو ئاستەی دەیانتوانی لێی تێبگەن، عیسا بە زۆر نموونەی لەو شێوەیە خەڵکی فێر دەکرد. 34 بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، بەڵام کاتێک بە تەنها دەبوو لەگەڵ قوتابییەکانی خۆی هەموو واتاکانی بۆ ڕوون دەکردنەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.