Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!
2 وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
3 وەک شەونمی حەرمۆن[a] کە دێتە خوارێ
بەسەر کێوی سییۆن،
چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.
37 ئەم قسانە لەبەرچاوی فیرعەون باش بوو، هەروەها لەبەرچاوی هەموو دەستوپێوەندەکەی. 38 فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟»
39 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەدوای ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆت ئاشکرا کرد، ئیتر کوا لە تۆ وردبینتر و داناتر. 40 تۆ لەسەر ماڵەکەی من دەبیت، هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن، تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.»
یوسف وەک لێپرسراوی خاکی میسر
41 ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» 42 ئینجا فیرعەون ئەنگوستیلەکەی دەستی خۆی داکەند و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. 43 پاشان سواری دووەم گالیسکەی خۆی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.
44 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» 45 فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر.
46 تەمەنی یوسف سی ساڵ بوو کاتێک دەستی بە خزمەتی فیرعەونی پاشای میسر کرد. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. 47 لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا زەوی بە پڕی بەروبوومی دا. 48 یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسردا بوو، لە هەموو شارێکدا خۆراکی دانا، خۆراکی ئەو کێڵگانەش کە لە دەوروبەری شارەکە بوون. 49 یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر ئیتر وازی لە ژماردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن.
50 پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. 51 یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناونا مەنەشە[a] و گوتی: «چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» 52 دووەمیشیانی ناونا ئەفرایم[b]، گوتی «چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.»
53 ئەو حەوت ساڵە تێروتەسەلییەی لە خاکی میسردا بوو کۆتایی هات. 54 ئینجا حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد، وەک یوسف گوتبووی. قاتوقڕی لە هەموو زەویدا بوو، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. 55 کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.»
56 قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. 57 هەموو زەویش هاتن بۆ میسر هەتا گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو زەویدا توند بوو.
19 هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە. 20 بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت.
21 مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا، 22 ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.» 23 لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن، ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە. 24 ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا. 25 لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و دوای بۆ بەندەری ئەنتالیا[a] دابەزین.
26 لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە، ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد. 27 کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ نەتەوەکانیش کردووەتەوە. 28 جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.