Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].
زەبوورێکی داود.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
2 بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
3 کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
4 مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
5 کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
6 دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
7 هەموو مەڕ و مانگاکان،
هەروەها ئاژەڵی کێوی،
8 باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
9 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
هەڵاتنی موسا بەرەو میدیان
11 کاتێک موسا گەورە بوو، ڕۆژێک لە ڕۆژان چووە دەرەوە بۆ لای براکانی و سەیری بارگرانییەکانی کرد، بینی پیاوێکی میسری لە پیاوێکی عیبرانی دەدات، کە لە براکانییەتی. 12 ئەویش تەماشای ئەم لا و ئەو لای کرد و بینی کەسی لێ نییە، ئیتر میسرییەکەی کوشت و لەناو لم شاردییەوە. 13 بۆ ڕۆژی دووەم چووە دەرەوە و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەکەن. لە خەتابارەکەی پرسی: «بۆچی لە هاوەڵەکەت دەدەیت؟»
14 ئەویش گوتی: «کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک میسرییەکەت کوشت؟» جا موسا ترسا و گوتی: «بێگومان ئەم کارە زانراوە!»
15 کاتێک فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا موسا بکوژێت، بەڵام موسا لە دەست فیرعەون هەڵات و لە خاکی میدیان جێگیر بوو، لەلای بیرێک دانیشت.
33 ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا!
حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و
ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە.
34 [کێ بیری یەزدانی زانی؟
یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟][a]
35 [کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟][b]
36 چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە.
هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.