Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
2 لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.
3 ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
4 لە خوڕەی ئاوی زۆر،
لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
یەزدانی ئاسمان توانادارترە.
5 یاساکانت زۆر چەسپاون،
ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
بە درێژایی ڕۆژگار.
8 خودا بە نوح و بە کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: 9 «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، 10 لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. 11 من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم، هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»
12 ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. 13 وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، ئەوەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. 14 ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، 15 من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. 16 هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکان بێت، دەیبینم و من پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکە، کە لەنێوان خودا و هەموو گیانێکی زیندووە لە هەموو جۆرێک کە لەسەر زەوین.»
17 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێک کە لەسەر زەویدایە چەسپاندم.»
تێکشکانی کەشتییەکە
39 کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن. 40 ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن. 41 بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.
42 پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت. 43 بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس ڕزگار بکات، پلانەکەی ڕاگرتن، فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار ئەوان خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی. 44 ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە. ئیتر هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.