Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گەڕانەوەی ئیسرائیل
8 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم،
جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل،
بۆ بوژاندنەوەی زەوی،
بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان،
9 بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“
بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“
«لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن،
لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن.
10 نە برسی دەبن و نە تینوو،
نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر،
چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە ڕێنماییان دەکات و
بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.
11 هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و
ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە.
12 ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و
ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و
ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.»
13 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە،
ئەی زەوی، شادمان بە!
چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و
بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.
14 بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم!
پەروەردگار لەبیری کردم.»
15 «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات،
یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟
تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات،
بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم.
16 ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە،
هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
131 ئەی یەزدان، نە دڵم بەفیزە و
نە چاوەکانم بە لووتبەرزییەوە دەڕوانن،
خۆم بە شتی لە خۆم گەورەتر و گرنگترەوە خەریک ناکەم.
2 بەڵکو گیانم ئارام و کپ کردووە،
وەک منداڵێکی لەشیربڕاوەیە لە باوەشی دایکی،
گیانم وەک منداڵێکی لەشیربڕاوە وایە.
3 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
نێردراوانی مەسیح
4 بەم شێوەیە با خەڵک بە خزمەتکاری مەسیح و سەرکاری نهێنییەکانی خودامان دابنێن. 2 جا ئەوەی لە سەرکاران داوا دەکرێت ئەوەیە کە متمانەیی بسەلمێنن. 3 بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێوە یان هەر دادگایەکی مرۆڤانە حوکمم بدات، بەڵام من حوکم بەسەر خۆمدا نادەم. 4 هیچ کەموکوڕییەک لە خۆمدا نابینم، بەڵام بەمە بێتاوان نەبووم، بەڵکو مەسیحی خاوەن شکۆیە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکات. 5 کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.
24 «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.
خودا خەممان دەخوات
25 «بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە پۆشاک؟ 26 سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟ 27 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
28 «هەروەها بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ سەیری گوڵی کێوی بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت، 29 بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 30 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات! 31 جا خەم مەخۆن بڵێن ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی بپۆشین؟“ 32 چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەمانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە. 33 بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت. 34 لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.