Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 1:1-2:4

سەرەتای بەدیهێنان

لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا. زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە.

ڕۆژی یەکەم: ڕووناکی

خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو. خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە. خودا ڕووناکییەکەی ناونا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناونا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو.

ڕۆژی دووەم: لێک جیاکردنەوەی ئاوەکان

خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک[a] لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.» خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە. جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی ناونا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو.

ڕۆژی سێیەم: وشکانی و سەوزایی

خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو. 10 خودا وشکانییەکەی ناونا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناونا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.

11 ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بدات: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. 12 زەوی سەوزایی دا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 13 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو.

ڕۆژی چوارەم: مانگ و ڕۆژ

14 ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبێت بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ. 15 با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو. 16 هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش. 17 خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان، 18 بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 19 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو.

ڕۆژی پێنجەم: باڵندە و ماسی

20 ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.» 21 ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 22 خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.» 23 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو.

ڕۆژی شەشەم: ئاژەڵ و مرۆڤ

24 خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. 25 خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.

26 ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.»

27 خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا،
    لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا،
    بە نێر و مێ بەدیهێنان.

28 خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.»

29 ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک. 30 بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو.

31 خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.

ڕۆژی حەوتەم: پشوودان

بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.

ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو، ئینجا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا. خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا، هەموو ئەوەی خودا بەدیهێنا و دروستی کرد.

ئادەم و حەوا

ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.

زەبوورەکان 8

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
    هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
    هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
    کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
    مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
    کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟

کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
    تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
    تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
هەموو مەڕ و مانگاکان،
    هەروەها ئاژەڵی کێوی،
باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
    هەرچی لەناو دەریادا دەژی.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

دووەم کۆرنسۆس 13:11-13

هاندان و سڵاوی کۆتایی

11 لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.

12 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. 13 هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.

مەتا 28:16-20

دەرکەوتنی عیسا بۆ قوتابییەکان

16 ئیتر یازدە قوتابییەکە چوونە جەلیل، بۆ ئەو کێوەی عیسا فەرمانی پێدابوون. 17 کاتێک بینییان کڕنۆشیان بۆ برد، بەڵام هەندێکیان گومانیان کرد. 18 عیسا لێیان نزیک بووەوە و قسەی بۆ کردن: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ. 19 کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن، 20 فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.