Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 104

104 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
    شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.

وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
    وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
    وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
    بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
    بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.

زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
    هەتاهەتایە نالەقێت.
تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
    لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن،
    لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
بەسەر چیاکان کەوتن و
    شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
    بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
    نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.

10 کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە،
    بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
11 هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن،
    کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
12 باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات،
    لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
13 لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت،
    زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
14 گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت،
    سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ،
    بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
15 مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی،
    ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی،
    نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
16 درەختەکانی یەزدان تێر دەبن،
    ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
17 ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات،
    لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
18 چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی،
    تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.

19 مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان،
    خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
20 تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو،
    هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
21 بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن،
    بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
22 کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە،
    لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
23 مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری،
    بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.

24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
    هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
    زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
    کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
    لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.

27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
    بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
    دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
    هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
    دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
    ئەوان بەدیهێنراون،
    ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.

31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
    با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
    دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.

33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
    تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
    منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
    با بەدکاران ئیتر نەمێنن.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

هەلیلویا![b]

ئیشایا 66:7-13

«پێش ئەوەی ژان بگرێت، منداڵی بوو،
    پێش ئەوەی ژانی بۆ بێت، کوڕێکی بوو.
کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
    کێ وەک ئەمەی بینیوە؟
ئایا وڵاتێک لە یەک ڕۆژدا ژان دەیگرێت
    یان نەتەوەیەک بە یەک جار لە دایک دەبێت؟
بەڵام سییۆن ئەو ساتەی کە ژان دەگرێت
    چەندین منداڵی دەبێت.»
یەزدان دەفەرموێت: «ئایا من کە ژانی منداڵبوون دەهێنم،
    وا ناکەم منداڵ لەدایک ببێت؟
یان ئەگەر من وا دەکەم منداڵ ببێت،
    سکی دایک دادەخەم؟» خودای تۆ دەفەرموێت.
10 «ئەی هەموو خۆشەویستانی ئۆرشەلیم،
    لەگەڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن،
ئەی هەموو ئەوانەی شیوەنی بۆ دەگێڕن،
    بە تەواوی لەگەڵی دڵخۆش بن.
11 بۆ ئەوەی شیری مەمکی بمژن و
    تێر و ئارام بن
هەتا لە پڕی شکۆمەندییەکەی بخۆنەوە و
    چێژ ببینن.»

12 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من ئاشتی بەسەردا دەشکێنمەوە وەک ڕووبار و
    شکۆمەندی نەتەوەکان وەک جۆگەیەکی ڕاماڵ،
جا ئێوە شیر دەدرێن و لە ئامێز دەگیرێن و
    لەسەر ئەژنۆکان ڕادەژەنرێن.
13 وەک یەکێک کە دایکی دڵنەوایی بکات،
    منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم،
    بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»

لۆقا 12:22-31

خودا خەممان دەخوات

22 بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیان و جەستەتان مەخۆن، چی دەخۆن یان چی دەپۆشن. 23 ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە پۆشاک. 24 سەیری قەلەڕەش بکەن: نە تۆو دەکات و نە دروێنە دەکات، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن! 25 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ 26 جا کە ئێوە بۆ شتێکی بچووک تواناتان نییە، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟

27 «سەیری گوڵاڵە بکەن چۆن گەشە دەکات، نە ماندوو دەبێت و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 28 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە دەپۆشێت؟ 29 جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن. 30 هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە. 31 بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.