Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 93

93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
    یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
    هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
    تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.

ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
    دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
    دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
لە خوڕەی ئاوی زۆر،
    لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
    یەزدانی ئاسمان توانادارترە.

یاساکانت زۆر چەسپاون،
    ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
    بە درێژایی ڕۆژگار.

دواوتار 5:22-33

22 یەزدان بەم ڕاسپاردانە لەگەڵ هەموو کۆمەڵەکەتاندا دوا، لە کێوەکە لەناو ئاگر و هەور و تاریکی چڕ و دەنگێکی بەزر، هیچی زیاد نەکرد و لەسەر دوو تەختەی بەرد نووسی و پێیدام.

23 کاتێک گوێتان لە دەنگەکە بوو لەناو تاریکییەوە و کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، هەموو سەرۆک هۆزەکانتان و پیرەکانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنە پێش و 24 گوتتان، «ئەوەتا یەزدانی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنی خۆی پیشان داین و گوێمان لە دەنگی بوو لەناو ئاگرەوە، ئەمڕۆ بینیمان خودا لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و مرۆڤەکەش دەژیێت، 25 بەڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ چونکە ئەو ئاگرە مەزنە دەمانخوات. ئەگەر لەوە زیاتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان بوو ئەوا دەمرین، 26 چونکە کێ وەک ئێمە لە هەموو ئادەمیزاد گوێی لە دەنگی خودای زیندوو بووە لەناو ئاگرەوە بدوێت و ژیابێت؟ 27 تۆ بڕۆ پێشەوە و گوێ لە هەموو ئەوە بگرە کە یەزدانی پەروەردگارمان دەیڵێت و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان پێت دەڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ دەگرین و کاری پێدەکەین.»

28 یەزدانیش گوێی لە قسەکانتان بوو کاتێک قسەتان لەگەڵ کردم و یەزدان پێی فەرمووم، «گوێم لە دەنگی قسەی ئەم گەلە بوو کە لەگەڵتدا دوان. لە هەموو ئەوەی گوتیان باش بوو، 29 خۆزگە هەمیشە دڵیان ئاوا دەبوو هەتا لێم بترسن و هەموو فەرمانەکانم بپارێزن، هەتاوەکو بۆ هەتاهەتایە چاکە بێتە سەر ڕێگای خۆیان و کوڕەکانیان.

30 «بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگەڕێنەوە چادرەکانی خۆتان،“ 31 بەڵام تۆ لێرە لەگەڵم بوەستە، باسی هەموو فەرمان و فەرز و یاساکانت بۆ دەکەم کە فێریان دەکەیت و ئەوان لەو خاکەدا پەیڕەوی دەکەن کە من پێیان دەدەم هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

32 ئیتر ئاگاداربن بۆ ئەوەی هەموو ئەوە بکەن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بەلای ڕاست و چەپدا لامەدەن، 33 هەموو ئەو ڕێگایەی یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن دەیگرنەبەر، هەتا بژین و چاکە بێتە ڕێگاتان و درێژە بە ڕۆژانتان بدەن لەو خاکەی دەستی بەسەردا دەگرن.

یەکەم پەترۆس 3:8-12

بەرگەگرتنی ئازار لە پێناوی ڕاستی

لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و خۆشەویستی برایانەتان هەبێ، میهرەبان و ڕۆحسووک بن. خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت، 10 چونکە

[ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و
    ڕۆژگاری خۆش ببینێت،
با زمانی لە خراپە بپارێزێت و
    لێوەکانی لە فێڵبازی.
11 با لە خراپە لابدات و چاکە بکات،
    با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،
12 چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
    گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.][a]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.