Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 99

99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
    با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
    با زەوی بهەژێت.
یەزدان مەزنە لە سییۆن،
    بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
    ئەو پیرۆزە.

پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
    تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
    ئەو پیرۆزە.

موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
    ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
    ئەویش وەڵامی دانەوە،
بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
    یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
    خودایەکی لێبوردە بوویت و
    تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
    چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.

سەرژمێری 16:41-50

41 جا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بۆ بەیانی دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد لەسەر موسا و هارون و گوتیان: «ئێوە گەلی یەزدانتان کوشت.»

42 کاتێک کۆمەڵ لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە ئەوان چوونە لای چادری چاوپێکەوتن، لەپڕ هەورێک دایپۆشی و شکۆمەندی یەزدان دەرکەوت. 43 جا موسا و هارون هاتنە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. 44 یەزدانیش بە موسای فەرموو: 45 «لەنێو ئەم کۆمەڵە بچنە دەرەوە، من بە ساتێک لەناویان دەبەم.» جا بەسەر ڕوویاندا کەوتن.

46 ئینجا موسا بە هارونی گوت: «بخووردانەکە ببە و لەسەر قوربانگاکەوە ئاگری تێبکە، بخووری لەسەر دابنێ، بە خێرایی بیبە لای کۆمەڵ و کەفارەتیان بۆ بکە. لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدان جۆشاوە، وا دەردەکە دەستی پێکرد.» 47 ئیتر هارون لەسەر قسەی موسا ڕایکرد بۆ ناو کۆمەڵ، بەڵام دەردەکە لەنێو گەلدا دەستی پێکردبوو، ئەویش بخوورەکەی پێشکەش کرد و کەفارەتی بۆ گەل کرد. 48 هارون لەناوەندی مردووان و زیندوواندا ڕاوەستا، دەردەکەش وەستا، 49 جا ئەوانەی بە دەردەکە مردن چواردە هەزار و حەوت سەد بوون، بێجگە لەوانەی بەهۆی قۆرەحەوە مردن. 50 ئینجا هارون گەڕایەوە لای موسا بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، لەبەر ئەوەی دەردەکە وەستابوو.

یەکەم پەترۆس 4:7-11

کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن. لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بە هێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت. بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن. 10 هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا. 11 ئەگەر یەکێک وتار دەدات، با بە جۆرێک بدوێت وەک کەسێک کە پەیامی خودا ڕابگەیەنێت. ئەگەر یەکێک خزمەت دەکات وەک بە هێزێک لە خوداوە درا بێت، تاکو خودا لە هەموو شتێکدا شکۆدار بێت بە عیسای مەسیح. هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.