Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە،
بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
13 یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ،
هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
14 لە نشینگەکەی خۆیەوە
چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
15 ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە،
ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
16 هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت،
هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
17 ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون،
بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
18 بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە.
19 بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و
لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.
20 ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین،
یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
21 دڵمان بەو خۆشە،
چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
22 ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت،
بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.
دە ڕاسپاردەکە
20 خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
2 «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
3 «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
4 «پەیکەر[a] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. 5 کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم[b]، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 6 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
7 «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن[c]، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
8 «ڕۆژی شەممەتان[d] لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. 9 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 10 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، 11 چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.
12 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
13 «مەکوژن[e].
14 «داوێنپیسی مەکەن.
15 «دزی مەکەن.
16 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
17 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
18 کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. 19 بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»
20 موساش بە گەلی گوت: «مەترسن، چونکە خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»
21 گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، ئەوەی خودا لەوێ بوو.
وتاری سەر چیا
5 کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای، 2 زاری کردەوە و فێری کردن:
3 «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن[a]،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
4 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن،
چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
5 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان،
چونکە دەبنە میراتگری زەوی.
6 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی[b]،
چونکە تێر دەکرێن.
7 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە،
چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
8 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان،
چونکە خودا دەبینن.
9 خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان،
چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
10 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
11 «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. 12 دڵخۆش و دڵشاد بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.