Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 104

104 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
    شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.

وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
    وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
    وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
    بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
    بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.

زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
    هەتاهەتایە نالەقێت.
تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
    لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن،
    لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
بەسەر چیاکان کەوتن و
    شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
    بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
    نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.

10 کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە،
    بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
11 هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن،
    کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
12 باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات،
    لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
13 لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت،
    زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
14 گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت،
    سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ،
    بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
15 مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی،
    ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی،
    نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
16 درەختەکانی یەزدان تێر دەبن،
    ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
17 ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات،
    لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
18 چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی،
    تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.

19 مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان،
    خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
20 تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو،
    هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
21 بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن،
    بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
22 کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە،
    لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
23 مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری،
    بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.

24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
    هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
    زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
    کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
    لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.

27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
    بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
    دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
    هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
    دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
    ئەوان بەدیهێنراون،
    ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.

31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
    با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
    دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.

33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
    تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
    منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
    با بەدکاران ئیتر نەمێنن.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

هەلیلویا![b]

یەکەم پاشایان 17:1-16

ڕاگەیاندنی وشکەساڵی لەلایەن ئەلیاسەوە

17 ئەوە بوو ئەلیاسی[a] تیشبی کە دانیشتووێکی گلعاد بوو بە ئەحاڤی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەو خودایەی کە دەیپەرستم، لەم چەند ساڵەی داهاتوو نە شەونم دەبێت و نە باران، هەتا لە دەمی منەوە نەگوترێت!»

پاشان فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «لێرە بڕۆ و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکە، لەلای شیوی کەریس خۆت بشارەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. لە جۆگەکە دەخۆیتەوە و فەرمانیشم بە قەلەڕەشەکان داوە لەوێ خواردنت بۆ دابین بکەن.»

ئەویش کاری بە فەرمایشتی یەزدانی کرد، چوو لە شیوی کەریس مایەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. قەلەڕەشەکانیش بەیانییان و ئێواران نان و گۆشتیان بۆ دەهێنا، لە جۆگەکەش ئاوی دەخواردەوە.

بێوەژنی سەرەفەند

پاش ماوەیەک جۆگەکە وشکی کرد، چونکە باران لە خاکەکە نەبوو. ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.» 10 ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.» 11 کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.»

12 ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە هەتا بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.»

13 ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە، 14 چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“»

15 ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو. 16 کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی.

یەکەم کۆرنسۆس 4:6-21

خوشکان، برایان، ئێستا لە پێناوی ئێوەدا خۆم و ئەپۆلۆسم لەم شتانەدا کردە نموونە، تاکو لە ئێمەوە فێربن: «زێدەڕۆیی مەکەن لەوانەی نووسراون.» ئینجا کەس خۆی بە یەکێک هەڵنەکێشێت لەسەر ئەوی دیکە. کێ تۆ جیا دەکاتەوە؟ چیت هەیە وەرتنەگرتبێت؟ ئەگەر وەرتگرتووە، بۆ شانازی دەکەیت وەک وەرتنەگرتبێت؟

وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا![a] خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد! چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە[b] دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بۆ درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک. 10 لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین! 11 هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین. 12 بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێنەوە و بەرگە دەگرین. 13 بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.

14 ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە. 15 تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی. 16 جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە. 17 لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە لە باوەڕ و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەی کە من پەیڕەوی دەکەم بەهۆی عیسای مەسیحەوە، بەبیری ئێوە دەهێنێتەوە وەک ئەوەی کە من لە هەر شوێنێک و لە هەر کڵێسایەک خەڵکی فێردەکەم.

18 هەندێک کەس لووتبەرز بوون، بە گومانی ئەوەی من نایەم بۆ لاتان 19 بەڵام ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت بە پەلە دێمە لاتان، ئەوسا نەک قسەکانی ئەو لووتبەرزانە دەزانم بەڵکو تواناشیان، 20 چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە. 21 چیتان دەوێ؟ بە دار بێمە لاتان یاخود بە خۆشەویستی و ڕۆحی دڵنەرمی؟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.