Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
104 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
2 وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
3 وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
4 بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
5 زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
هەتاهەتایە نالەقێت.
6 تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
7 بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن،
لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
8 بەسەر چیاکان کەوتن و
شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
9 سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
10 کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە،
بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
11 هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن،
کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
12 باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات،
لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
13 لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت،
زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
14 گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت،
سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ،
بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
15 مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی،
ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی،
نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
16 درەختەکانی یەزدان تێر دەبن،
ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
17 ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات،
لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
18 چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی،
تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.
19 مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان،
خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
20 تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو،
هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
21 بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن،
بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
22 کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە،
لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
23 مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری،
بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.
24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
ئەوان بەدیهێنراون،
ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
هەلیلویا![b]
32 گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
2 فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
وشەم وەک شەونم دەتکێت،
وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.
3 ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
4 خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاری تێدا نییە،
ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.
5 لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
نەوەیەکی چەوت و خوارن.
6 ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
ئەی گەلی گێل و نادانا؟
ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟
7 یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
8 کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
سنووری بۆ گەلان دانا،
بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
9 بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.
10 لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
دەوری دا و بایەخی پێیدا،
وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
11 وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
12 ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.
32 ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت. 33 هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. 34 هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە.
35 کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە، 36 چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن، 37 چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت،
[ئەوەی دێت، دێت و دواناکەوێت.
38 ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت،
هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە،
ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.][a]
39 جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕانەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.