Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
وتارێک لە ئاریۆپاگۆس
22 پۆڵس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. 23 کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن.
24 «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. 25 بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. 26 هەموو نەتەوەکانی لە یەکێک دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاریی کردوون، 27 تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. 28 ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“[a] وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“[b]
29 «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە بیرنەکەینەوە کە خودایەتی لە پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. 30 لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، 31 چونکە ڕۆژێکی داناوە تێیدا بەتەمایە بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات، بە پیاوێک کە دیاریی کردووە، بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»
8 ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
9 کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و
نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و
باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
13 بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،
نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
14 ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،
لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
15 ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،
لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،
تەگە[a] و گات بۆ دەکەمە قوربانی.
16 ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،
با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
17 بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،
ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
18 ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،
پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
19 بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،
گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
20 ستایش بۆ خودا،
کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و
نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.
13 کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟ 14 بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. [مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.][a] 15 بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە. 16 هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن، 17 چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری. 18 لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە، 19 بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان، 20 بەوانەی کە لە کۆندا یاخی بوون، کاتێک خودا لە ڕۆژانی نوحدا بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوان بوو، کە کەشتییەکە ئامادە دەکرا. تەنها هەشت کەس لەم کەشتییەدا بوون و بە ئاو ڕزگار بوون. 21 ئەمەش هێمای لەئاوهەڵکێشانە کە ئێستا ڕزگارتان دەکات، نەک سڕینەوەی پیسی جەستە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی باش بۆ خودا، بە هەستانەوەی عیسای مەسیح، 22 ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.
بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز
15 «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. 16 منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی[a] دیکەتان[b] بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، 17 ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. 18 بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. 19 پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی زیندووم و ئێوەش دەژین. 20 لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. 21 ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.