Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی ستایش.
100 ئەی هەموو زەوی، هاواری خۆشی بۆ یەزدان بکەن،
2 بە شادمانییەوە یەزدان بپەرستن،
بە هەلهەلەوە وەرنە بەردەمی.
3 بزانن کە یەزدان خودایە،
ئەوە کە ئێمەی دروستکردووە و ئێمەش هی ئەوین.
ئێمە گەل و مەڕی لەوەڕگای ئەوین.
4 بە سوپاسەوە بڕۆنە ناو دەروازەکانی[a]،
بە ستایشەوە بڕۆنە ناو حەوشەی پەرستگاکەی،
سوپاسی بکەن و ستایشی ناوی بکەن.
5 چونکە یەزدان چاکە و
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە،
دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
لقە ڕاستودروستەکە
23 یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!» 2 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 3 «بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن. 4 ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
5 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم،
پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات،
ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
6 لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
7 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“ 8 بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»
سێیەم باسی مردنی عیسا
17 کاتێک عیسا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون: 18 «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و 19 بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست نەتەوەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»
خزمەتکار پایەبەرزترینە
20 ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.
21 ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»
22 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە[a] بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»
23 ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»
24 کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە دوو براکە تووڕە بوون. 25 بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆک نەتەوەکان وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن. 26 جا لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و 27 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، 28 هەروەک کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.