Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 2:14

یەکەم وتاری پەترۆس

14 پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، دەنگی بەرزکردەوە و پێی ڕاگەیاندن:

«ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن،

کردار 2:22-32

22 «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. 23 ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. 24 بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. 25 سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی:

«[هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی،
    لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
26 بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
    تەنانەت جەستەشم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،
27 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا[a] بەجێناهێڵیت،
    هەروەها ڕێگا نادەیت ئەو کەسەی ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
28 ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم،
    تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.][b]

29 «برایان، ڕێگا دراوە بە ئاشکرا پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. 30 ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا بە سوێند سوێندی بۆ خواردووە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. 31 پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی[c] کرد، نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو. 32 ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی.

زەبوورەکان 16

پاڕانەوەیەکی داود.

16 ئەی خودایە، بمپارێزە،
    چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.

بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
    بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
    ئەوانە شکۆدارن.
ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
    دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
    ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.

ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
    تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
گوریس[a] کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
    بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
    تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
    لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.

بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
    تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
    هەروەها ڕێگا نادەیت ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە[b] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
    تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
    خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.

یەکەم پەترۆس 1:3-9

ستایشی خودا بۆ هیوای زیندوو

ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی گەورەمان! بەگوێرەی بەزەییە فراوانەکەی لەدایکبوونەوەی پێ بەخشین[a] بۆ هیوایەکی زیندوو بە هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان، بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە، بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە، ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ. ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر ئازار بچێژن، تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو نرخدارترە کە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، بۆ ستایش و شکۆ و ڕێز بێت لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحدا. هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە، چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتە ڕزگاری دەروونتان.

یۆحەنا 20:19-31

دەرکەوتنی مەسیح بۆ قوتابییەکان

19 ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەو شوێنەی قوتابییەکانی لێبوو دەرگاکانی داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستدا ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان[a] لێ بێت!» 20 کە ئەمەی گوت، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون.

21 ئینجا دیسان عیسا پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت! هەروەک چۆن باوک منی ناردووە، منیش دەتاننێرم.» 22 کە ئەمەی گوت، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «ڕۆحی پیرۆز وەربگرن. 23 ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە.»

دەرکەوتنی مەسیح بۆ تۆماس

24 بەڵام تۆماس کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە و بە دیدمۆس[b] ناسراوە، لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کاتێک عیسا هات. 25 قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: «گەورەمان بینی!»

ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستیەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست لە کەلەکەی نەدەم هەرگیز باوەڕ ناکەم.»

26 لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دیسان لە ژوورەوە بوون و تۆماسیش لەگەڵیان بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستیان ڕاوەستا، فەرمووی: «سڵاوتان لێ بێت!» 27 ئینجا بە تۆماسی گوت: «پەنجەت بێنە ئێرە و دەستم ببینە، دەستت بێنە و لە کەلەکەمی بدە. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوەڕ بهێنە.»

28 تۆماس وەڵامی دایەوە: «ئەی خاوەن شکۆ و خودای من!»

29 عیسا پێی فەرموو: «چونکە منت بینی باوەڕت کرد؟ خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی نەیانبینی و باوەڕیان هێنا.»

ئامانجی نووسینەکەی

30 عیسا لەبەردەم قوتابییەکانیدا زۆر پەرجووی دیکەی کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە. 31 بەڵام ئەمانەی نووسراون تاکو باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.