Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
31 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.
2 گوێت بۆم شل بکە،
بە زوویی فریام بکەوە،
ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم،
بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.
3 لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی،
لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.
4 لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە،
چونکە تۆ پەناگای منی.
5 ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم،
ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.
15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
لە دەستی دوژمنان و
ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.
بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە
12 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.
2 «جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
دەبیتە بەرەکەت.
3 ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»
گرتنی ستیفانۆس
8 ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. 9 جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. 10 بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.
11 بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»
12 ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان، بۆ سەنهەدرینیان هێنا. 13 شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە[a] و تەورات، 14 ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»
15 جا هەموو ئەوانەی لە سەنهەدرین دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.