Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.
102 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
با هاوارم بگاتە لات.
2 لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
زوو وەڵامم بدەوە.
3 ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
4 هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
نانخواردنم لەبیر نەماوە.
5 لە دەنگی ناڵەم
ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
6 وەک کوندەپەپووی بیابانی چۆڵەوانیم لێهاتووە،
وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
7 ڕادەکشێم و
وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
8 بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
9 بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە.
10 لەبەر تووڕەیی و نەفرەتی تۆ،
چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
11 ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.
12 تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
13 تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
چونکە ماوەی میهرەبانییە، چونکە کاتی هاتووە.
14 چونکە خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
15 هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت.
16 چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
17 ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.
13 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و
بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت،
14 چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و
بەرهەمیشی لە زێڕ.
15 لە یاقووت بەهادارترە و
هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.
16 تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و
دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی.
17 ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و
هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین.
18 درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە،
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن.
ڕاستی ئازادتان دەکات
31 عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و 32 ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.»
33 وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟»
34 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە. 35 کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. 36 ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن. 37 دەزانم لە نەوەی ئیبراهیمن. بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە پەیامەکەم لە دڵی ئێوەدا جێگای نییە. 38 چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بیستووە دەیکەن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.