Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
23 یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.
2 لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و
دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار،
3 گیانم دەبووژێنێتەوە.
بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات
لە پێناوی ناوی خۆی.
4 ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم،
لە هیچ خراپەیەک ناترسم،
لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای،
گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.
5 سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم،
زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم،
جامەکەم لێوانلێو دەکەیت.
6 بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون،
بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.
16 «بڕۆ و پیرانی ئیسرائیل کۆبکەرەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب بۆم دەرکەوت، فەرمووی، بەڕاستی ئێوە و ئەوەی لە میسردا بەسەرتان هاتووە بەسەرم کردووەتەوە. 17 هەروەها بەڵێنم داوە، لە زەلیلی میسر سەرتان بخەم و بتانبەم بۆ خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.“
18 «پیرانی ئیسرائیل گوێ لە قسەکانت دەگرن. ئەو کاتە تۆ و پیرانی ئیسرائیل دەچنە لای پاشای میسر و پێی دەڵێن: ”یەزدان، پەروەردگاری عیبرانییەکان بەسەریکردینەوە، ئێستاش سێ ڕۆژەڕێ دەڕۆین لە دەشتودەر قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین.“ 19 بەڵام دەزانم پاشای میسر ناهێڵێت بڕۆن، تاوەکو بە دەستێکی بەهێز ناچار نەکرێت. 20 ئیتر من دەستم درێژ دەکەم و بە هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانم لە میسر دەدەم کە لەنێویان دەیکەم، دوای ئەوە دەهێڵێت بڕۆن.
21 «ئەم گەلەش لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار دەکەم، هەتا کاتی ڕۆیشتن بە دەستبەتاڵی نەڕۆن. 22 بەڵکو هەر ژنێک لە دراوسێکەی یاخود لەوەی لە ماڵەکەیدا دەژیێت، کەلوپەلی زیو و کەلوپەلی زێڕ و جلوبەرگ داوا دەکات و لەبەر کوڕ و کچەکانتانی دەکەن و میسرییەکان تاڵان دەکەن.»
گەڕانەوە موسا بۆ میسر
18 ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.»
یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.»
19 یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.» 20 ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت.
ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران
13 لەبەر مەسیحی باڵادەست ملکەچی هەموو دەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار، 14 یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران، 15 چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانی گێلەکان بێدەنگ بکەن. 16 وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین. 17 ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن، ڕێز لە پاشا بگرن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.