Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.
102 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
با هاوارم بگاتە لات.
2 لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
زوو وەڵامم بدەوە.
3 ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
4 هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
نانخواردنم لەبیر نەماوە.
5 لە دەنگی ناڵەم
ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
6 وەک کوندەپەپووی بیابانی چۆڵەوانیم لێهاتووە،
وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
7 ڕادەکشێم و
وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
8 بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
9 بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە.
10 لەبەر تووڕەیی و نەفرەتی تۆ،
چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
11 ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.
12 تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
13 تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
چونکە ماوەی میهرەبانییە، چونکە کاتی هاتووە.
14 چونکە خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
15 هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت.
16 چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
17 ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.
5 پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و
بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.
6 لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە،
ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات.
7 لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە،
لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە.
8 دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و
ئاودانە بۆ ئێسقانەکانت.
9 بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە،
بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت.
10 ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری،
قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ.
11 ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە،
12 چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و
وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.
44 «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. 45 جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردییانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، 46 ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. 47 بەڵام سلێمان بوو کە خانووێکی بۆ دروستکرد.
48 «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، وەک پێغەمبەر گوتوویەتی:
49 «[ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە،
چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟
یەزدان دەفەرموێ،
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
50 ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟][a]
51 «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنە نەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! 52 باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان[b] دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. 53 ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
کوشتنی ستیفانۆس
54 کاتێک گوێیان لەمانە بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە. 55 بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستە ڕاستی خودا وەستابوو. 56 گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستە ڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.