Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
114 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،
بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
2 یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،
ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.
3 دەریا بینی و هەڵات،
ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
4 چیاکان وەک بەران بازیان دا،
گردەکان وەک بەرخۆلە.
5 چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟
ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
6 ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن؟
ئەی گردەکان، بۆ وەک بەرخۆلە باز دەدەن؟
7 ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،
لەبەردەم خودای یاقوب،
8 ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،
بەردەئەستێی کردە کانیاو.
هەڵاتنی یونس لە ئەرکەکەی
1 فەرمایشتی یەزدان بۆ یونسی کوڕی ئەمیتەی[a] هات، پێی فەرموو: 2 «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا و تێیدا بانگەواز بکە، چونکە خراپەکانیان بەرز بووەتەوە بۆ بەردەمم.»
3 یونسیش بۆ ئەوەی لە یەزدان هەڵبێت دەستی بە گەشتێک کرد بۆ تەرشیش. سەرەتا چوو بۆ بەندەری یافا و کەشتییەکی دۆزییەوە کە دەچووە تەرشیش، کرێیەکەی دا و سوار بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵیان بچێتە تەرشیش و خۆی لە ڕووی یەزدان بدزێتەوە.
4 یەزدانیش بایەکی مەزنی بۆ سەر دەریاکە نارد و ڕەشەبایەکی مەزن لە دەریاکە هەڵیکرد، خەریک بوو کەشتییەکە پارچەپارچە بێت. 5 کەشتیوانەکان ترسان، هەریەکەیان هاواری بۆ خوداوەندەکەی خۆی کرد، ئەو شتانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون فڕێیان دایە ناو دەریاکە، بۆ ئەوەی باری خۆیان سووک بکەن.
کەچی یونس چوو بووە نهۆمی خوارەوەی کەشتییەکە و پاڵکەوتبوو، لە خەوێکی قووڵدا بوو. 6 سەرۆکی سەوڵ لێدەرەکان چووە لای و پێی گوت: «ئەوە بۆچی نوستوویت؟ هەستە هاوار بکە بۆ خوداوەندەکەت، بەڵکو ئاوڕمان لێ بداتەوە و لەناونەچین.»
7 ئینجا کەشتیوانەکان بە یەکتریان گوت: «وەرن با تیروپشک بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم بەڵایە بەهۆی کێیە.» ئیتر تیروپشکیان کرد و کەوتە سەر یونس.
8 لێیان پرسی: «پێمان بڵێ بەهۆی کێ تووشی ئەم بەڵایە بووین؟ ئیشت چییە و لەکوێوە هاتوویت؟ سەر بە چ خاکێکیت و لە چ نەتەوەیەکیت؟»
9 ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.»
10 پیاوەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئەمەت کرد؟» پیاوەکان زانییان کە لە یەزدان هەڵاتووە، چونکە پێشتر پێی گوتبوون.
11 لێیان پرسی: «چیت لێ بکەین بۆ ئەوەی دەریاکە هێمن بێتەوە؟» چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو.
12 ئەویش وەڵامی دانەوە: «بمبەن و فڕێمبدەنە ناو دەریاکەوە، ئیتر دەریاکەتان لێ هێمن دەبێتەوە، چونکە من دەزانم بەهۆی منەوەیە ئەم ڕەشەبا مەزنەتان لەسەرە.»
13 بەڵام پیاوەکان زیاتر و زیاتر سەوڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی کەشتییەکە بگەڕێننەوە بۆ وشکانی، کەچی نەیانتوانی، چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو. 14 ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئای ئەی یەزدان، با لەناونەچین، لەبەر گیانی ئەم پیاوە خوێنی بێتاوانێک مەخەرە ئەستۆمان. ئەی یەزدان، ئەوەی ویستت کردت.» 15 ئینجا یونسیان گرت و فڕێیان دایە ناو دەریاکەوە، ئیتر هاژەی دەریاکە هێمن بووەوە. 16 پیاوەکان زۆر لە یەزدان ترسان و قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و نەزریان[b] کرد.
17 یەزدانیش ماسییەکی ئامادە کرد کە زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی یونس قووت بدات، ئیتر یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکەدا مایەوە.
19 ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ.
20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. 21 هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. 22 هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە. 23 بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، 24 دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە دەداتە خودای باوک، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، 25 چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. 26 دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. 27 هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][a] بەڵام کاتێک دەفەرموێ [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،] ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. 28 کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.