Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
یەکەم وتاری پەترۆس
14 پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، دەنگی بەرزکردەوە و پێی ڕاگەیاندن:
«ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن،
36 «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیایی بزانن، ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»
37 کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟»
38 پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن. 39 ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن[a] و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.»
40 بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.» 41 ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.
116 یەزدانم خۆشدەوێت،
چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
2 چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد،
هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.
3 تۆڕی مەرگ دەوری دام،
ناخۆشی جیهانی مردووان کەوتە سەرم،
دەرد و تەنگانەم چێژت.
4 بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە:
«ئەی یەزدان، تکات لێ دەکەم، گیانم دەرباز بکە!»
12 چی بدەمەوە یەزدان،
بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.
13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.
15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی
لەبەرچاو سەنگینە.
16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم،
من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت،
تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.
17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم،
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا،
لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم.
هەلیلویا!
17 لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین. 18 دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە، 19 بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، وەک لە بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕی. 20 لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت. 21 بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت.
22 بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ. 23 ئێوەش لەدایک بوونەوە[a]، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە،
دووان لە قوتابییەکان عیسا دەبینن
13 هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک شەست تیرهاوێژ[a] لە ئۆرشەلیم دوور بوو، ناوی ئەمواس بوو. 14 لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. 15 کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت، 16 بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا.
17 پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟»
بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. 18 یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟»
19 پێی فەرموون: «چییە؟»
وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، 20 چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا. 21 بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە[b]. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. 22 کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و 23 تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. 24 هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.»
25 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! 26 نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» 27 ئەوسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران.
28 کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت. 29 ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە، گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە.
30 کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. 31 ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما. 32 بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟»
33 ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و 34 دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.» 35 ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.