Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 5:27-32

27 کاتێک ئەوانیان هێنا لەبەردەم سەنهەدریندا ڕایانگرتن، سەرۆک کاهین لێی پرسین: 28 «بە توندی فەرمانمان پێ کردن خەڵکی بەم ناوە فێر نەکەن، ئەوەتا ئۆرشەلیمتان لە فێرکردنەکانتان پڕکردووە و دەتانەوێ خوێنی ئەم پیاوە بخەنە ئەستۆمان.»

29 پەترۆس و نێردراوان وەڵامیان دایەوە: «دەبێت گوێڕایەڵی بۆ خودا بێت زیاتر لەوەی بۆ خەڵک! 30 خودای باوباپیرانمان عیسای هەستاندەوە، ئەوەی بە هەڵواسینی لەسەر دار کوشتتان. 31 خودا ئەوی وەک سەرۆک و ڕزگارکەر بۆ دەستە ڕاستی خۆی بەرز کردەوە، تاکو تۆبەکردن و لێخۆشبوونی گوناه بە ئیسرائیل ببەخشێت. 32 ئێمە شایەتی ئەم شتانەین، هەروەها ڕۆحی پیرۆزیش، ئەوەی خودا بەخشیویەتییە ئەوانەی گوێڕایەڵن بۆی.»

زەبوورەکان 118:14-29

14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
    یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.

15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
    «دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
    دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
    باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
    بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
    پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
    ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
    بۆم بووی بە ڕزگاری.

22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
    با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

25 ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە،
    ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.

26 پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،
    لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
27 یەزدان خودامانە و
    ڕووناکی پێ بەخشیوین.
قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە
    بە قۆچەکانی قوربانگا.

28 تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،
    تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

29 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

زەبوورەکان 150

150 هەلیلویا!

ستایشی خودا بکەن، لە پیرۆزگاکەی،
    ستایشی بکەن، لە گەردوونی هێزی،
ستایشی بکەن، بۆ پاڵەوانیێتی،
    ستایشی بکەن، بەپێی زۆری مەزنایەتی،
بە دەم دەنگی کەڕەناوە ستایشی بکەن،
    بە دەم ساز و قیسارەوە ستایشی بکەن،
بە دەف و هەڵپەڕکێ ستایشی بکەن،
    بە ئامێری ژێدار و شمشاڵ ستایشی بکەن،
بە سەنجی بیستراو ستایشی بکەن،
    بە سەنجی دەنگ بەرز ستایشی بکەن!

با هەموو ئەوەی هەناسە دەدات ستایشی یەزدان بکات!

هەلیلویا.

ئاشکراکردن 1:4-8

سڵاو بۆ کڵێساکان

لە یۆحەناوە،

بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا:

با نیعمەت[a] و ئاشتی بۆ ئێوە، لەوەی هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەی لەبەردەم تەختەکەیدان، هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە، سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە.

ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.

ئەوەتا لەگەڵ هەوردا[b] دێت و
    هەموو چاوێک دەیبینێت،
ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە،
    هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن.
            بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.

یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بە توانا.»

یۆحەنا 20:19-31

دەرکەوتنی مەسیح بۆ قوتابییەکان

19 ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەو شوێنەی قوتابییەکانی لێبوو دەرگاکانی داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستدا ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان[a] لێ بێت!» 20 کە ئەمەی گوت، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون.

21 ئینجا دیسان عیسا پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت! هەروەک چۆن باوک منی ناردووە، منیش دەتاننێرم.» 22 کە ئەمەی گوت، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «ڕۆحی پیرۆز وەربگرن. 23 ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە.»

دەرکەوتنی مەسیح بۆ تۆماس

24 بەڵام تۆماس کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە و بە دیدمۆس[b] ناسراوە، لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کاتێک عیسا هات. 25 قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: «گەورەمان بینی!»

ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستیەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست لە کەلەکەی نەدەم هەرگیز باوەڕ ناکەم.»

26 لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دیسان لە ژوورەوە بوون و تۆماسیش لەگەڵیان بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستیان ڕاوەستا، فەرمووی: «سڵاوتان لێ بێت!» 27 ئینجا بە تۆماسی گوت: «پەنجەت بێنە ئێرە و دەستم ببینە، دەستت بێنە و لە کەلەکەمی بدە. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوەڕ بهێنە.»

28 تۆماس وەڵامی دایەوە: «ئەی خاوەن شکۆ و خودای من!»

29 عیسا پێی فەرموو: «چونکە منت بینی باوەڕت کرد؟ خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی نەیانبینی و باوەڕیان هێنا.»

ئامانجی نووسینەکەی

30 عیسا لەبەردەم قوتابییەکانیدا زۆر پەرجووی دیکەی کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە. 31 بەڵام ئەمانەی نووسراون تاکو باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.