Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
وتاری پەترۆس
34 پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، 35 بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. 36 ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە. 37 ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند، 38 چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد[a]، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.
39 «ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان، 40 بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت، 41 نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. 42 ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە. 43 هەموو پێغەمبەران شایەتی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بەخشینی گوناهەکانی بە ناوی ئەو دەست دەکەوێت.»
ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ
17 «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
زەوی نوێ بەدی دەهێنم و
ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و
نە بە مێشکدا دێنەوە.
18 بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن
لەوەی من بەدی دەهێنم،
چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و
دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
19 بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و
بە گەلی خۆم شاد دەبم،
چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.
20 «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و
نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،
چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت گەنجە و
ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی نەفرەت لێکراوە.
21 خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،
ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
22 خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،
ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،
چونکە ڕۆژانی گەلەکەم
وەک ڕۆژانی دار[a] دەبێت و
هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن
لە کردارەکانی دەستیان.
23 بەخۆڕایی ماندوو نابن و
بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و
وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
24 جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و
هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
25 گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،
شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،
بەڵام نانی مار خۆڵە.
لە هەموو کێوی پیرۆزم
نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»
یەزدان دەفەرموێت.
118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئیسرائیل بڵێ:
«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.
15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
«دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
بۆم بووی بە ڕزگاری.
22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
19 ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ.
20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. 21 هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. 22 هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە. 23 بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، 24 دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە دەداتە خودای باوک، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، 25 چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. 26 دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە.
وتاری پەترۆس
34 پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، 35 بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. 36 ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە. 37 ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند، 38 چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد[a]، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.
39 «ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان، 40 بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت، 41 نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. 42 ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە. 43 هەموو پێغەمبەران شایەتی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بەخشینی گوناهەکانی بە ناوی ئەو دەست دەکەوێت.»
هەستانەوە
20 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[a]، هێشتا تاریک بوو، مریەمی مەجدەلی هاتە سەر گۆڕەکە و بینی بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. 2 ئەویش ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆس و ئەو قوتابییەی دیکە کە عیسا خۆشی دەویست، پێی گوتن: «گەورەیان لە گۆڕەکەدا بردووە و نازانین لەکوێ دایانناوە!»
3 ئینجا پەترۆس و قوتابییەکەی دیکە بەرەو گۆڕەکە بەڕێکەوتن. 4 هەردووکیان بەیەکەوە ڕایاندەکرد، بەڵام قوتابییەکەی دیکە پێش پەترۆس کەوت و زووتر گەیشتە سەر گۆڕەکە. 5 دانەوییەوە و بینی کەتانەکە دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە. 6 ئینجا شیمۆن پەترۆس کە دوایکەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە دانراوە. 7 دەستەسڕەکەش کە بە سەری عیساوە بوو لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە جێیەک پێچرابووەوە. 8 ئەوسا قوتابییەکەی دیکەش کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە. بینی و باوەڕی هێنا. 9 ئەو کاتە هێشتا لە نووسراوە پیرۆزەکان تێنەگەیشتبوون کە دەبێ لەنێوان مردوواندا هەستێتەوە. 10 دواتر قوتابییەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.
عیسا بۆ مریەم دەردەکەوێ
11 بەڵام مریەم لەلای گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. کاتێک دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد، 12 بینی دوو فریشتە بە جلی سپییەوە لەو شوێنەی تەرمەکەی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یەکێک لەلای سەرییەوە ئەوی دیکە لەلای پێیەوە.
13 لێیان پرسی: «خانم، بۆچی دەگریت؟»
وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە.» 14 کە ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی عیسا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی عیسایە.
15 عیسا پێی فەرموو: «خانم! بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟» وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە.»
16 عیساش پێی فەرموو: «مریەم!»
ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی!» (واتە مامۆستا.)
17 عیسا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بۆ لای باوک بەرز نەبوومەتەوە. بەڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان.“»
18 مریەمی مەجدەلی هات و بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند: «گەورەم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرمووبوو.
زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح
24 بەڵام لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[a]، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. 2 بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. 3 چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە. 4 هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. 5 ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ 6 لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن، 7 فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“» 8 ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد.
9 کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. 10 مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت. 11 قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. 12 بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد، دانەوییەوە بینی کفنەکە بە تەنها دانراوە، ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.