Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئیسرائیل بڵێ:
«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.
15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
«دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
بۆم بووی بە ڕزگاری.
22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
17 بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو.
18 یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی.
19 پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە.
20 ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“»
21 بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی[a] چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆی چوو و مێخەکەی کێشا بە لاجانیدا[b] و بە زەوییەکەدا خستی، ئەویش لە خەوێکی قووڵدا بوو، چونکە ماندوو بوو، ئیتر مرد.
22 لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی.
23 خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد.
24 «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان،
یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی،
بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن.
25 داوای ئاوی کرد شیری پێدا،
لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی[a] بۆ هێنا.
26 دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و
دەستە ڕاستەی بۆ چەکوشی کرێکار.
لە سیسرای دا و سەری شکاند،
کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد.
27 لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو،
کەوت، ڕاکشا،
لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت،
لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و شێوێنرا.
28 «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و
لە کڵاوڕۆژنەوە[b] دەستی بە شیوەن کرد.
”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟
بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“
29 ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە،
بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە:
30 ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن،
کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک،
تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا،
جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو،
جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم،
هەمووی وەک تاڵانی؟“
31 «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان!
بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن
کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.»
ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
ژن و ئەژدیها
12 نیشانەیەکی گەورەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئافرەتێک خۆری پۆشی بوو، مانگ لەژێر پێیدا و تاجێکی دوازدە ئەستێرەیی لەسەر سەری بوو، 2 سکی هەبوو، ئازاری هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد. 3 نیشانەیەکی دیکەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور، حەوت سەر و دە شاخی هەبوو، حەوت تاج لەسەر سەرەکانی بوون. 4 کلکیشی سێیەکی ئەستێرەی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدانە سەر زەوی، ئەژدیهاکە لەبەردەم ئەو ئافرەتەی کە منداڵی دەبوو وەستابوو، تاکو کە منداڵەکە بوو بیخوات. 5 ئیتر منداڵێکی نێرینەی بوو، ئەوەی لە داهاتوودا بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. بەڵام منداڵەکەی بۆ لای خودا و تەختەکەی ڕفێنرا. 6 ئافرەتەکەش بەرەو چۆڵەوانی ڕایکرد، لەوێدا شوێنێکی هەیە لەلایەن خوداوە ئامادە کراوە، تاکو لەوێ هەزار و دوو سەد و شەست[a] ڕۆژ بەخێو بکرێت.
7 پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ، میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان، 8 بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما. 9 ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.
10 جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو:
«ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و
دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە،
چونکە ئەو سکاڵاکارەی لە خوشک و براکانمان،
کە شەو و ڕۆژ لەبەردەم خوداماندا سکاڵای لێیان دەکرد،
فڕێدرایە خوارەوە.
11 ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و
بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن،
ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.
12 بۆیە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش بن!
بەڵام قوڕبەسەر زەوی و دەریا،
چونکە ئیبلیس بۆتان دابەزیوە!
تووڕەییەکی گەورەی پێیە،
چونکە دەزانێت کاتێکی کورتی هەیە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.