Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 20

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

20 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
    با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
    لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
    هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.[a]
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
    هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
    بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.

با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.

ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی[b] ڕزگار دەکات،
    لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
    بە توانای ڕزگاریی دەستە ڕاستی.
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
    بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
    بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
    کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!

حەبەقوق 3:2-15

نوێژێکی حەبەقوق

نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:

ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست،
    ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام،
لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە،
    با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن،
    لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!

خودا لە تێمانەوە هات،
    پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات. [a]
شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و
    ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.
پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە،
    لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت،
    لەوێدا توانای شاردرابووەوە.
پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت،
    گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.
ڕاوەستا و زەوی هەژاند،
    تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند.
چیا دێرینەکان کوتران،
    گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە،
    بەڵام یەزدان جاویدانییە.
چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی،
    ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.

ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟
    ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟
ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو،
    تاکو سواری ئەسپ بیت و
    گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟
کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و
    داوای تیرێکی زۆرت کرد.
بە ڕووبارەکان زەویت شەق کردووە،
10     چیاکان تۆیان بینی و لەرزین،
لافاوی ئاوەکان تێپەڕین،
    قووڵاییەکان دەنگیان هات،
    شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.

11 خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان[b]،
    بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت،
    بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.
12 بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت،
    بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.
13 بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە،
    بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت.
سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد،
    لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.
14 بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد،
    کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان،
خۆشیان ئامادە کرد
    بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.
15 بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر،
    ئاوە زۆرەکانت هەژاند.

لۆقا 18:31-34

باسی مردن و هەستانەوەی عیسا

31 عیسا دوازدە قوتابییەکەی برد و پێی فەرموون: «ئەوا بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوین، هەرچی پێغەمبەران لەبارەی کوڕی مرۆڤەوە نووسیویانە دێتە دی. 32 دەدرێتە دەستی نەتەوەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت، 33 بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.»

34 بەڵام هیچ لەمە تێنەگەیشتن و ئەم باسە لێیان شاراوە بوو، ئەوەی گوترا درکیان پێی نەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.