Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
126 کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
وامان لێهات وەک خەون ببینین.
2 ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
«یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
3 یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
شادمان بووین.
4 ئەی یەزدان، خۆشحاڵیمان بگەڕێنەوە،
وەک جۆگەکانی نەقەب[a].
5 ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
6 ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
بەرهەمەکەی بە مەلو بار دەکات.
تاکە ڕزگارکەری ئیسرائیل
43 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب،
شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل:
«مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە،
بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
2 کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام،
بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن.
بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت،
بڵێسەش ناتسووتێنێت،
3 چونکە من یەزدانم، خودای تۆم،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ.
میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ،
کوش و سەبا لە جێی تۆ.
4 لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام،
سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت،
لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم،
لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
5 مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام.
لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و
لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
6 بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و
بە باشووریش: ”مەیانگرە!“
کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و
کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
7 هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن،
بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون،
شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»
تیمۆساوس و ئەپەفرۆدیتۆس
19 هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم، 20 چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات، 21 لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح. 22 بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە. 23 بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم. 24 متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.