Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 14:1-14

14 «مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن
    ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە.
وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت،
    وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.
جا لەسەر شتێکی وەک ئەمە چاوت زەق کردەوە و
    ئێستاش ئەوانت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟
کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟
    بێگومان کەس!
جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و
    ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و
    کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،
ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات،
    هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی.

«چونکە دار داخوازییەکی هەیە،
    ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکات و دووبارە شین بێتەوە و
    لقوپۆپی تازە دەربکات.
ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و
    بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت،
هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و
    وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات.
10 بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛
    مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت.
11 هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و
    ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت،
12 هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە،
    لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت
    هەتا ئاسمان نامێنێت.

13 «خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و
    دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە!
خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و
    بەبیرت دەهاتمەوە!
14 ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟
    هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە،
    ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە.

شینەکانی یەرمیا 3:1-9

من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی
    بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.
منی بە پێش خۆی دا و
    منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.
بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە
    بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.

گۆشت و پێستی منی پیرکرد،
    ئێسکەکانی شکاندم.
دەوری گرتم و گەمارۆی دام
    بە ژەهر و ناخۆشی.
ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم
    وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.

لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم،
    زنجیرەکانی منی قورس کرد.
هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم،
    بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.
بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت،
    ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.

شینەکانی یەرمیا 3:19-24

19 دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
    وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
20 بە باشی بەبیرم دێتەوە،
    لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
21 بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
    لەبەر ئەوە هیوام هەیە:

22 بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
    چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
23 ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
    دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
24 بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
    لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»

زەبوورەکان 31:1-4

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

31 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
    با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
    بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.
گوێت بۆم شل بکە،
    بە زوویی فریام بکەوە،
ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم،
    بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.
لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی،
    لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.
لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە،
    چونکە تۆ پەناگای منی.

زەبوورەکان 31:15-16

15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
    لە دەستی دوژمنان و
    ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.

یەکەم پەترۆس 4:1-8

چەکداربوون بەو بیروڕایە

وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناه کردن دەوەستێ، تاکو ئەو کاتەی بە جەستە لە ژیاندا ماوە بۆ هەوەسی مرۆڤانە نەژی، بەڵکو بۆ خواستی خودا. ئیتر ئەو کاتەی لە کردنی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستی قێزەون. لەمە سەرسام دەبن کە لەگەڵیان ڕاناکەن بۆ لافاوی هەمان بەدڕەوشتی و جنێوتان پێدەدەن. بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات، چونکە بۆ ئەم هۆیە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین.

کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن. لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بە هێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت.

مەتا 27:57-66

ناشتنی عیسا

57 دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو. 58 چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ. 59 یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61 مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.

ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا

62 بۆ بەیانی[a] کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە، 63 گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“ 64 جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»

65 پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.» 66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.

یۆحەنا 19:38-42

ناشتنی عیسا

38 پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد. 39 نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر[a] موڕ[b]ی تێکەڵاو بە ئەلوای[c] هێنا. 40 جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن. 41 لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو. 42 لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا[d]، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.