Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
4 یەزدانی باڵادەست زمانی فێربووانی پێم بەخشی
بۆ ئەوەی بزانم کە چۆن بە قسە یارمەتی ماندوو بدەم.
هەموو بەیانییەک بەخەبەرم دەهێنێتەوە،
گوێی من بەئاگا دەهێنێت
بۆ سەرنجدان وەک قوتابی.
5 یەزدانی باڵادەست گوێیەکانی منی کردەوە،
منیش یاخی نەبووم،
بەرەو دوا هەڵنەگەڕامەوە.
6 پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن،
ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە.
ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە
گاڵتە پێکردن و تف لێکردن.
7 چونکە یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
ڕیسوا نابم،
لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد،
دەزانم شەرمەزار نابم.
8 ئەوەی بێتاوانم دەکات نزیکە،
کێ سکاڵا لە من دەکات؟
با پێکەوە ڕابوەستین،
کێ خاوەنی سکاڵایە لە دژی من؟
با لێم بێتە پێش!
9 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
ئیتر کێ تاوانبارم دەکات؟
ئەوەتا هەموویان وەک کراس دادەڕزێن،
مۆرانە دەیانخوات.
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، بۆ داود، بۆ یادکردنەوە.
70 ئەی خودایە، خێرابە بۆ دەربازکردنم،
ئەی یەزدان، پەلە بکە لە یارمەتیدانم.
2 با شەرمەزار و سووک بن
ئەوانەی گیانی منیان دەوێت،
با ببەزن و ڕیسوا بن
ئەوانەی حەز بە خراپەی من دەکەن.
3 با هەڵبێن لە شەرمان
ئەوانەی پێم دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
4 با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت خودا!»
ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
5 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
خودایە، خێرا وەرە بۆ لام.
یارمەتیدەر و دەربازکەرم تۆی،
ئەی یەزدان، دوامەکەوە.
تەمبێکردن لە خودای باوکەوە
12 لەبەر ئەوە، چونکە ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمانە دانراوە. 2 با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت. 3 با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.
ناپاکی یەهوزا
21 کاتێک عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆحی خەمبار بوو و شایەتی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
22 قوتابییەکان سەیری یەکتریان دەکرد و دڵنیا نەبوون مەبەستی لە کێیە. 23 یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە، 24 شیمۆن پەترۆس ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە عیسا بکات کە مەبەستی لە کێیە.
25 ئەویش شانی دا بەسەر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گەورەم، کێیە؟»
26 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ.» ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهوزای کوڕی شیمۆنی ئەسخەریوتی. 27 هەر کە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە.
عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی بەتەمای بیکەیت، خێرا بیکە.» 28 هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی عیسا ئەمەی پێ فەرموو. 29 هەندێکیان وایانزانی عیسا پێی دەفەرموێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان شتێک بداتە هەژاران، چونکە سندوقی پارەش لەلای یەهوزا بوو. 30 ئەویش کە پارووەکەی وەرگرت یەکسەر چووە دەرەوە. ئەو کاتە شەو بوو.
ڕاسپاردەی نوێ
31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.