Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
9 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام.
چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان،
ڕۆح و لەشم لە خەمان.
10 ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە،
ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان،
لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە،
ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.
11 بەهۆی دوژمنەکانمەوە،
بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم،
بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم،
ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.
12 لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم،
وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.
13 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە،
«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!»
هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن،
بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.
14 بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە،
دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»
15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
لە دەستی دوژمنان و
ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.
23 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمانە جەژنەکانی منن، جەژنەکانی یەزدان کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[a] دەکەن.
شەممە
3 «”شەش ڕۆژ کار بکەن بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، پشوودانە و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێک مەکەن، لە هەموو نشینگەکانتان شەممەیە بۆ یەزدان.
جەژنی پەسخە و جەژنی فەتیرە
4 «”ئەمانە جەژنەکانی یەزدانن، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونەکان کە دەبێت لە کاتی خۆیدا بانگەوازی بۆ بکەن. 5 لە ئێوارەوە لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخە بۆ یەزدان دەستپێدەکات. 6 لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنی فەتیرە بۆ یەزدان دەستپێدەکات، دەبێت حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[b] بخۆن. 7 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. 8 حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، لە ڕۆژی حەوتەمیشدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.“»
ناپاکی یەهوزا
22 جەژنی فەتیرە کە پێی دەگوترا پەسخە نزیک ببووەوە. 2 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن.
3 شەیتان چووە ناو یەهوزاوە، کە پێی دەگوترا ئەسخەریوتی، یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. 4 چوو و قسەی لەگەڵ کاهینانی باڵا و فەرماندەکانی پەرستگا کرد، چۆن عیسایان ڕادەست بکات. 5 دڵخۆش بوون و ڕێککەوتن بەوەی کیسە زیوی بدەنێ. 6 ئەویش بەمە ڕازی بوو، دەگەڕا بۆ هەلێک تاکو عیسا بداتە دەستیان کاتێک کە خەڵکیان لەگەڵ نەبێت.
جەژنی پەسخە
7 ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی[a] تێدا بکرێتە قوربانی. 8 عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.»
9 لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟»
10 پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت. 11 ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ 12 ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.»
13 جا ڕۆیشتن، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون دۆزییانەوە و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.